سەرۆک کۆمار پێشوازیکرد لە ھەردوو وەزیری دەرەوەی میسر و ئوردن

2019/08/04

سەرۆک بەرھەم جەختی لە گرنگی بەردەوامی ڕاوێژ و ھەماھەنگی لە نێوان وڵاتانی دۆست کردەوە لە گشت بورەکاندا، بەتایبەتی سەبارەت بەگۆڕانکاری و پێشھاتەکانی ناوچەکە. 

سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠١٩/٨/٤ لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە وەزیری دەرەوەی میسر سامح شوکری و وەزیری دەرەوەی ئوردن ئەیمەن سەفدی.

لە دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم جەختی لەوە کردەوە کە عێراق گرنگی دەدات بە بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە لە سەر بنەمای سیاسەتی کرانەوە بە رووی وڵاتانی دۆستدا، ھاوکات رایگەیاند کە عێراق بە پەرۆشەوە کار بۆ بەرجەستەکردنی پەیوەنییەکانی دەکات لە رێگای گۆڕینەوەی بیروڕا سەبارەت بە پێشھات و پرسە ھەنوکەییەکان، ھەروەھا ئاماژەی دا بەگرنگی بەرەوپێشبردنی کاری ھاوبەش لە پێناو پێشخستنی ئابووری و خۆشگوزەرانی بۆ گەلانی ناوچەکە.

ھەر لە دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم، ئاماژەی بە کۆبوونەوەی سێ قۆڵی نێوان وەزیرانی دەرەوەی عێراق و میسر و ئوردن لە بەغدا کرد و رایشیگەیاند ئەو ھەنگاوە بەرجەستەی خواستی عێراقە بۆ ئەوەی  وڵاتەکەمان ببێتە شوێنی بەیەکگەیشتنی وڵاتانی دۆست و برا و ئاڵۆگۆڕکردنی بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان بەجۆرێک یارمەتیدەر بێت بۆ بەدیھێنانی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا، ھاوکات دووپاتیشی لە پێویستی بەداواداچون و جێ بەجێکردنی بڕیارەکانی کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان ھەرسێ وڵات کردەوە، کە لە مانگی ئازاری ساڵی پار لە قاھیرە بەڕێوەچوو.

 لەلای خۆیانەوە ھەردوو وەزیری دەرەوەی میسر و ئوردن، خواستی وڵاتەکانیان بۆ بەرەوپێشبردنی میکانیزمی ھاریکاری ھاوبەش لە بوارە جیاجیاکاندا دەربڕی، ھاوکات پشتیوانی وڵاتەکانیان بۆ خواستی گەلی عێراق دووپاتکردەوە لە ھەوڵەکانی بۆ بەدەستھێنانی ژیانێکی ئاشتیانە و خۆشگوزار.

ھەر لەدیدارەکەدا کە وەزیری دەرەوەی عێراق محەمەد علی حەکیم ئامادەی بوو، تاوتوێی چۆنیەتی بەرەوەپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتی عەرەبی و ھەوڵەکانی گەیشتن بە ڕێگاچارەی سیاسیانە بۆ قەیرانەکانی ناوچەکە و پشتیوانی عێراق لە پرۆسەی دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ناوچە ڕزگارکراوەکان کرا.


Presedent

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڵبژاردە

رۆژمێری چالاکیەکان