سەرۆک کۆمار لە کۆشکی سەلام خەڵاتی خوێندکارە یەکەمەکانی قۆناغی خوێندنی ئامادەیی کرد

2019/08/05


سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح ئەمڕۆ دوو شەممە ٢٠١٩/٨/٥ لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە خوێندکارە یەکەمەکانی قۆناغی ئامادەیی لە گشت پارێزگاکانی عێراقدا.

لەمیانی ئاھەنگێکدا کە سەرۆکایەتی کۆمار بۆ خەڵاتکردنی خوێندکارە سەرکەوتووەکانی قۆناغی ئامادەیی لەگشت پارێزگاکانی عێراق ئەنجامی دابوو، سەرۆک بەرھەم وتەیەکی پێشکەش کرد و تێیدا ڕایگەیاند، کە ئەمڕۆ بە کۆمەڵێک ئاستەنگی ناھەمواری سەختدا تێدەپەڕین، بەڵام رووبەڕووبوونەوەی ئێوە گەورەبوو و سەرکەوتنتان باشترین وەڵامە بۆ ئەو ئاستەنگانە، ھەروەھا ئاماژەیدا بەئەزمونی بێ وێنەی گەلی عێراق لە پابەندبوونیان بەژیان و سەرکەوتن، ھاوکات وتی: ئەگەر ھەر وڵاتێکی دیکە بەو ئەزمونە تاڵەی عێراقدا تێپەڕ ببووایە ھەرەسی دەھێنا. 

ھەر لەئاھەنگەکەدا، سەرۆک بەرھەم روونیکردەوە کە زۆر خۆشحاڵە بە دیداری ئەو خوێندکارە سەرکەوتووانە لە کۆشکی سەلام شاد دەبێت، و پیرۆزبایی ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی لە خوێندکاران و کەسوکار و گەلی عێراقیش کرد، ھەروەھا ئاماژەی بەوەکرد کە خۆشی و شادی خەڵکی عێراقم بەدی کرد بەسەرکەوتنی بێ وێنەی ئێوە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە ھەمووان بەسەرکەوتنی ئێوە دڵخۆشن.

سەرۆک کۆمار ھەروەھا وتی: ئەم سەرکەوتنەی ئێوە نەک تەنھا بۆ ئێوە و کەسوکارتان بەڵکو بۆ ئایندەی وڵاتەکەشمان گرنگ و پێویستە.

سەرۆک بەرھەم ئەوەشی بە خوێندکاران وت کە لە دۆخێکی ناجۆر و سەختدا بەدەست ھێنانی سەرکەوتن مایەی شانازی گەورەیە بۆ گشت خەڵکی عێراق و بۆ منیش وەک سەرۆک کۆمار.

ھەر لە درێژەی وتەکەیدا سەرۆک بەرھەم، ئاماژەی بەوە کرد ئەو ڕەوشە ناھەموارەی کە عێراقی پێدا تێپەڕی لە رابردوودا لە ستەم و زۆرداری و بۆردمانی کیمیاویی و گۆڕی بەکۆمەڵ و ھەڵمەتەکانی جینۆساید تا دوایی.. وڵاتەکەمانی بەرەو ماڵوێرانی جەنگ و گەمارۆ برد و بووە ھۆکاری ئەم دۆخە خراپەی ئێستا لە پرۆسەی خوێندن و پەروەردە و فێرکردن و خزمەتگوزارییەکان.

ھەر لەمیانی وتەکەیدا، سەرۆک بەرھەم ئاماژەی بەوەدا کە ھاووڵاتیانی عێراق شایەنی باشترینن، ئەو دەستکەوتانەی کە ئەمڕۆ بەدەستھاتوون زادەی قوربانی دانی خانەوادە و دایک و باوکتانن کە لە پێناو سەرکەوتنی ئێوەدا بەخشیویانە، ئەوەش بۆ ئەوەیە کە ھەلی ئەوەتان بۆ بڕەخسێت، کە شایستەی گەلی عێراق بێت.  
   
ھەروەھا سەرۆک بەرھەم، رایگەیاند کە ئەمڕۆ ئێمە لە کۆشکی سەلام ئاھەنگ دەگێڕین بەبۆنەی سەرکەوتنی ئێوە، بۆیە چاوەڕێی ھیوایەکی گەشترین لە سەر دەستی ئێوە بۆ ئایندەی وڵاتەکەمان

ھەر لە ئاھەنگەکەدا، سەرۆک بەرھەم بەئامادەبوونی وەزیری خوێندنی باڵا و وەزیری پەروەردە بەوەکالەت رایگەیاند دۆخی ئەمڕۆی عێراق لەگەڵ چاوەڕوانی و خواستەکانی ھاووڵاتیان ناگونجێت، کە پێشکەشیان دەکرێت چونکە گەلی عێراق شایستەی زۆر لەوە زیاترن، ھەروەھا وتی: مەترسییەکانی سەر بارودۆخی وڵاتەکەمان کەم نییە، دەشزانم دۆخی خوێندنگەکانیش جێگای قبوڵکردن نییە، بەڵام متمانەمان بە حکومەتەکەمان ھەیە، کە ھەوڵی بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندن و پەروەردە و فێرکردن دەدات.

لەلای خۆیەوە، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزیری پەروەردە بەوەکالەت قوسەی سوھەیل پشتیوانی سەرۆک کۆماری بۆ پرۆسەی پەروەردە بەرزنرخاند، ھەروەھا ڕایگەیاند، کە سەرۆک کۆمار ھەمیشە پشتیوانی لە پرۆسەی خوێندن و پەروەردە کردووە، چونکە سەرۆک بەرھەم خۆی کەسێکی ئەکادیمییە و پێشتریش گرنگی زۆری بە باشکردنی گوزەرانی خوێندن و خوێندکاران داوە.

 


Presedent

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڵبژاردە

رۆژمێری چالاکیەکان