سەرۆک کۆمار پێشوازیکرد لە ژمارەیەک کەسایەتی شاری داقوق
سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح دوای نیوەرۆی ئەمڕۆ دوو شەممە ٢۰١٩/٨/٥ لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە ژمارەیەک کەسایەتی شاری داقوق.
لە سەرەتای دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بە دیداری لەگەڵ شاندێکی شاری داقوق و ئاماژەشی کرد بە گرنگی ڕۆڵی کەسایەتییەکانی شارەکە لە بەھێزکردنی پەیوەندی نێوان چین و توێژی کۆمەڵایەتییەکان و بەرجەستەکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە شارەکەدا، ھاوکات قوربانیدانی خەڵکی داقوقی لە جەنگی دژی بە تیرۆریستانی داعش بەرزنرخاند.
ھەر لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار ڕایگەیاند کە خەڵکی عێراق سوورە لەسەر دەستەبەرکردنی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و چەسپاندنی یەکڕیزی نیشتمانی لە نێوان گشت پێکھاتەکان و رەتکردنەوەی توند و تیژی و ڕق و کینە.
لەلای خۆیانەوە شاندی میوان، ڕۆڵی سەرۆک کۆماریان لە بەھێزکردنی گیانی نیشتمانی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە نێوان گشت پێکهاتەکان بەرز نرخاند، لە پێناو بەدیھێنانی ئارامی و خۆشگوزاری بۆ ھەموو گەلی عێراق بێ جیاوازی.
Presedent