بۆ تاوتۆیکردنی دوا پێشھات و گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکان.. سەرۆک کۆمار لەگەڵ چەند سەرکردەییەکی عێراق کۆبووە

2019/08/24

سەرۆک کۆمار جەختی لە گرنگی یەکخستنی سیاسەتی ناوخۆی و پارێزگاری لە سەروەری و سەربەخۆیی عێراق کردەوە.

سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح ئەمڕۆ شەممە ٢٠١٩/٨/٢٤ لە بەغدا بەجیا پێشوازیکرد لە نوری مالکی سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و ھادی عامری سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح  و سەلیم جبوری سەرۆکی پێشوی پەرلەمان.

 لەو دیدار و کۆبوونەوانەدا، کە تایبەت بوو بەتاوتوێکردنی ڕەوشی سیاسی و ئەمنی وڵات، سەرۆک بەرھەم جەختی لەوە کردەوە کە عێراق سیاسەتی جەمسەرگیری بە ھەموو شێوەیەک ڕەتدەکاتەوە، ھەروەھا پێویستە خۆی لە ململانێیەکان بە دوربگرێت.

ھاوکات سەرۆک بەرھەم، ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە ھەمووان پابەندی ھەڵویستی فەرمی دەوڵەتی عێراق بن بە گشت دامەزراوە جێبەجێکار و یاساییەکانییەوە لە سەر بنەما دەستووری و پابەندبوون بەیاساییەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان، ھەروەھا رێگەگرتن لەوەی کە عێراق ببێتە گۆرەپای یەکلایکردنەوەی ململانێ وڵاتانی تر.

ھەروەھا سەرۆک کۆمار تیشکی خستە سەر ئەوەی کە پێویستە ھەمووان بەیەکەوە کار بۆ چەسپاندنی ئاشتی و گەشەپێدانی ئابووری و ھاریکاری لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا بکەین، ھاوکات جەختیشی لەوە کردەوە کە گرنگە چاوەڕوانی ئەنجامی کۆتایی لێکۆڵینەوەی لایەنە پەیوەندیدارە نیشتمانییەکان بین سەبارەت بە پرسی تەقینەوەی کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی ئەم دواییە، بەمەبەستی وەرگرتنی بریارێکی یەکگرتوو کە ماف و ئاسایش و سەربەخۆیی و سەروەری عێراق بپارێزێت.

سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەشکرد کە بەھێزکردنی یەکڕیزی نیشتمانی و چەسپاندنی سیستەمی دیموکراسی و فیدراڵی و دووبارە ئاوەدانکردنەوە شارەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە پێویستەکان بە ھاووڵاتییان کاری پێشینەی ئێستای دەوڵەتی عێراقە. 

لەلای خۆیانەوە سەرکردەکانی عێراق، جەختیان لە گرنگی یەکخستنی ھەوڵەکان کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاستەنگانەی کە عێراق پێیدا تێپەڕ دەبێت، داواشیان کرد ھەمووان بەیەکەوە کار بۆ بەرژەوەندی باڵای نیشتمان بکەن، بەجۆرێک سەروەری وڵات پارێزراو بێت، هاوکات بۆ بەرجەستەکردنی کاری ھاوبەش لە پێناو کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و ھێنانە دی ئارامی و ئاشتەوایی لە ناوچەکەدا.


Presedent

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڵبژاردە

رۆژمێری چالاکیەکان