لەژێر چاودێری سه‌رۆك كۆمار.. پانێلی به‌غدای هه‌رێمی بۆ پێشخستن و هەستانەوەی دۆخی ژنان به‌ڕێوه‌چوو

2019/08/25

سه‌رۆك كۆمار د. به‌رهه‌م ساڵح، دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ سه‌رۆكایه‌تی كۆمار له‌ چوارچێوه‌ی سه‌رپه‌رشتی هه‌وڵه ‌نیشتمانییه‌كانیدا بۆ پشتیوانی له‌ پرسه‌كانی ژنان له ‌قۆناغی كۆتایی ئاماده‌كردنی پرۆژه‌ یاسای پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نی باڵای ژنانه‌و پاش ته‌واوكردنیشی ئاراسته‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌كرێت به‌و هیوایه‌ی كه‌ په‌سه‌ند بكرێت. 

سه‌رۆك به‌رهه‌م له ‌وته‌یه‌كدا كه‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ٢٠١٩/٨/٢٥ له ‌پانێلی به‌غدای هه‌رێمی بۆ پێشخستن و به‌دامه‌زراوه‌یكردن و هه‌ستانەوەی دۆخی ژنان كه ‌له‌ هوتێل ڕه‌شید به‌ڕێوه‌چوو، له‌لایه‌ن سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ڕاوێژكارانی سه‌رۆك كۆمار، د. علی شوكری پێشكه‌ش كرا، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه ‌داڕشتنی یاسا به‌ردی بناغه‌ی بنه‌ڕه‌تییه‌ بۆ پارێزگاریكردن له ‌ته‌واوی كاروباری ژنان، و هه‌ر له ‌سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونمان له‌ سه‌رۆكایه‌تی كۆمار، سه‌رۆكایه‌تی هه‌موو توانایه‌كی خستووه‌ته‌گەڕ له‌ پێناو ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌كانی ژنان و به‌شداری كاریگه‌ری له ‌دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت و بڕیاری سیاسیدا، ھەروەھا باوه‌ڕیشمان وایه‌ كه ‌بونیادی ڕاسته‌قینه‌ی ده‌وڵه‌ت ته‌واو نابێت ئەگەر ‌هه‌مووان مافیان پارێزراو نەبێت و بەشدار نەبن له‌ بڕیاره‌ سیاسیەکاندا.

هه‌روه‌ها د. عه‌لی شوكری سڵاو ڕێزی سه‌رۆك به‌رهه‌م-ی گه‌یانده‌ به‌شداربووان و هیوای خواست كه‌ پانێله‌كه‌یان بە كۆمه‌ڵێك بیروڕا و بڕیاری گونجاوی لێ بێته ‌كایه‌وه‌ كه ‌خزمه‌ت به ‌پرسه‌كانی ژنان و هه‌وڵه‌كانی پێشوش ته‌واو بكات له ‌پێكهێنانی دامه‌زراوه‌یه‌كی نیشتمانی سه‌ربه‌خۆ كه ‌سه‌رپه‌رشتی كاروباری ژنان بكات، هاوكات دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆك كۆمار له ‌كاره‌كانی پانێله‌كه‌یان نیشانده‌ری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بڕوای ته‌واوی به ‌ماف و پرسه‌كانی ژنان هه‌یه‌ كه ‌دووچاری سته‌ملێكردن و بێ به‌شكردن بوونه‌ته‌وه‌.

شایەنی باسە پانێله‌كه‌ له‌لایه‌ن، كۆمه‌ڵه‌ی هیوای عێراقی و تۆڕی ژنانی عێراقی و فه‌رمانگه‌ی یارمه‌تیدانی ژنانی سه‌ر به‌ ئه‌مینداریه‌تی گشتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری ژنان له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رێكخرابوو،  به‌پشتیوانیكردنی نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ یارمه‌تیدانی عێراق (یونامی) و به‌به‌شداری نۆ ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی و ئاژانسه‌كانی په‌یوه‌ندییه‌كانی ژنان و باڵیۆزخانه‌ی هۆڵنده‌ له ‌عێراق. 
 
پانێله‌كه‌ كه ‌ڕاوێژكاری سه‌رۆك كۆمار خاتوو خانم له ‌تیف و گه‌وره‌ به‌رپرسانی وڵات و نێرده‌كانی ڕێكخراوه‌كانی ژنان و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و ژماره‌یه‌ك له ‌نێرده‌ دیبلۆماسییه‌كان له‌ به‌غدا به‌شداریان تێدا كرد، هه‌وڵ ده‌دات بۆ تێكه‌ڵكردنی ژنان له ‌پرۆسه‌ی سیاسه‌تی نیشتمانی و ستراتیژییه‌كاندا به‌و پێیه‌ی كه ‌ژن هێزێكی كاریگه‌ر و بنه‌ڕه‌تییه‌ له‌ سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ و چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكییه‌كان و چه‌سپاندنی ئارامی و ئاشتی و دادپه‌روه‌ری، سه‌ره‌ڕای به‌هێزكردنی به‌شداری ژنان له‌ پرۆسه‌ی گه‌شه‌پێداندا.


Presedent

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڵبژاردە

رۆژمێری چالاکیەکان