لە سەر بانگهێشتی سەرۆك كۆمار... سێ سەرۆكایەتییەکەی عێراق لەگەڵ ژمارەیەك لە سەركردە سیاسییەكان كۆبوونەوەو جەخت لە پابەندبوون بەیەكریزی نیشتمانییەوە كرایەوە

2019/08/26


لە سەر بانگھێشتی سەرۆك كۆمار د. بەرهەم ساڵح ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ۲۰۱۹/۸/۲٦ لە كۆشكی سەلام لە بەغدا بە ئامادەبوونی هەریەك لە سەرۆك وەزیران عادل عەبدولمەهدی و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران محەمەد حەلبوسی و سەركردە سیاسییەكانی عێراق کۆبوونەوە.

لە میانی كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق و ناوچەكە كرا، ھاوکات سەرۆك وەزیران فەرماندەی هێزە چەكدارەكان ڕاپۆرتێكی سەبارەت بە تەقینەوەی كۆگاكانی چەک و تەقەمەنی ئەم دواییەی پێشكەشی ئامادەبووان كرد.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا ئامادەبووان دووپاتیان لە گرنگی بە دواداچونی ڕێكارەكانی حكومەت کردەوە سەبارەت بە ئەگەری تێوەگلانی دەرەكی و كردەنە ئامانجی كۆگاكانی چەک و تەقەمەنی، ھەروەھا سەركۆنەی ئەو دەستدرێژیانەیان کرد کە کرایە سەر لیوای 45 ی حەشدی شەعبی لە قائم كە قوربانی و برینداری لێكەوتەوە، ئەم کارەش بە سەرپێچیەكی ئاشكرا بۆ سەر سەروەری عێراق دانرا.

ئامادەبووان جەختیان لە پشتیوانی حكومەت کردەوە لە گرتنەبەری گشت ڕێكارەكانی پاراستن و بەهێزكردنی تواناكانی بەرگری لە ڕێگای كەناڵە كاریگەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتیییەکانەوە كە دەبێتە هۆی بەرپەرچدانەوەی ئەو دەستدرێژیانە و بەرگریكردن لە ئاسایش و سەروەی عێراق. 

ھەروەھا بەشداربووانی كۆبوونەوەكە دووپاتیان لە گرنگی پاراستنی یەكڕیزی نیشتمانی بە گشت هێزە سیاسی و پێكهاتەكانی عێراق كردەوە، لە پێناو ئاسایش و سەلامەتی و سەروەری عێراقدا.

ئامادەبووان تەئکیدیان لەوە کردەوە کە ڕەوشەکە زۆر ئاڵۆزە لە ناوچەكە و جیهاندا، بۆیە وا لە هەمووان دەكات كە گرنگی و ئەو مەترسییانەو ساتەوەختە مێژوییەکە دەرك پێ بكەن، كە پێویستی بەكاری پێکەوەی هەیە بۆ بەهێزكردنی یەكڕیزی نێوان گشت ھاووڵاتیانی عێراق و پاراستنی سەربەخۆیی هەڵویستی نیشتمانی عێراق و پارێزگاریكردن لەو دەستکەوتوو و سەركەوتنانەی بە سەر تیرۆردا بەدی ھاتووە. 
بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەبووان لە سەر ئەو چەند خاڵە رێککەوتن:
 
١- رێزگرتن لە مەرجەعیەتی دەوڵەت و پابەندبوون پێوەی لە گشت دۆخێكدا، لە چوارچێوەی دامەزاراوە دەستوورییەكاندا، هەروەها رەچاوكردنی یاساكان و هەر سەرپێچیەكیش بۆ سەر دەوڵەت و دامەزراوەكانی بە دەرچون لە بەرژەوەندی نیشتمانی و سەرپێچی لە یاسا دادەنرێت و رووبەڕووی یاساكانی عێراقی دەكرێتەوە.

۲-پابەندبوون بە بەڵگەنامەی (سیاسەتی نیشتمانی یەكگرتوو) كرایەوە كە لە كۆبوونەوەی سەركردە سیاسییەكاندا لە سەری رێكەوتبوون، ڕەتكردنەوەی بوونی عێراق بە گۆڕەپانی جەنگ و ڕێگانەدان بەوەی كە عێراق بكرێتە پێگەیەك بۆ لێدان و دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ. 

۳- پشتیوانی و بەرزنرخاندنی قارەمانیەتی هێزە چەكدارەكان بە گشت پێكهاتەكانییەوە و كاركردنی تەواوی دەزگاكانی ئاسایش و هەواڵگری بۆ قەڵا چۆکردنی پاشماوەکانی تیرۆریستانی داعش، جەختکردنەوە لە بەردەوامی راوەدوونانی پاشماوەکانی داعش تاوەکو ھیچ دەرفەتێک نەمێنێتەوە بۆ  دووبارە خۆ ڕێكخستنەوەیان  تا بە یەك جاری لە ناو دەبرێن.

٤- رێزگرتن لە قوربانی و ڕۆڵی نیشتمانی حەشدی شەعبی کرایەوە، وەك بەشێكی كاریگەر لەسیستەمی بەرگری نیشتمانییدا، لە ژێر فەرمانی فەرماندەی هێزە چەكدارەكان، دووپاتیش لە گرنگی پابەندبون بەجێبەجێكردنی فەرمانی دیوانی و سەر پەرشتیكردنی كۆگاكانی چەک و تەقەمەنی لە چوارچێوەی دیاریكراوی دەوڵەتدا و بەپێی ڕێكارە دروستەکان و لەژێر سایەی سیستەمی بەرگری و بە فەرمانەكانی فەرماندەی گشتیدا.

٥- گرتنەبەری هەموو ئەگەرێكی پێویست بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ حاڵەتە كتوپەڕەكان و بەرەنگاربوونەوەیان.

٦- بەدواداچون بكرێت بۆ ڕێكکەوتنامەو لێكگەیشتنەكان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا بە جۆرێك كە یارمەتیدەر بێت بۆ پابەندبوونیان بە بەڵینەكانیانەوە سەبارەت بە سەروەری و سەربەخۆیی و ئاسایشی عێراقەوە.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار 
دووشەممە ٢٠١٩/٨/٢٦
Presedent

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڵبژاردە

رۆژمێری چالاکیەکان