سەرۆک کۆمار لە مەراسیمی عاشورادا: یادەوەری ئیمام حوسەین داوامان لێدەکات کەھەمیشە ڕیزەکانمان یەکبخەین و گیانی برایەتی و لێبوردەیی زاڵ بکەین

2019/09/09

 
سەرۆک بەرھەم لە وتەیەکدا ڕایگەیاند  کە یادەوەری ئیمام حوسەین داوامان لێدەکات کەھەمیشە ڕیزەکانمان یەکبخەین و گیانی برایەتی و لێبوردەیی زاڵ بکەین و بەگژ گەندەڵی و زوڵم و زۆرداریدا بچینەوە. ھەروەک چۆن بینیشمان کە پێکھاتەکانی عێراق بە کورد و عەرەب و تورکمان و موسوڵمان و مەسیحی و ئێزیدی و سابئییەکان بەیەکڕیز دژی دڕندەیی داعش وەستانەوە و بەنوێنەرایەتی ھەموو جیھان جەنگان و سەریشکەوتین.

سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح ئەمرۆ دووشەممە ٢٠١٩/٩/٩  بەشداریکرد لە مەراسیمی عاشورا لە مزگەوتنی بەرزنجە، بەبۆنەی شەھیدبوونی ئیمام حوسەین سەلامی خودای لێ بێت و ئاماژەی کرد بە بەرجەستەبوونی کەسایەتی ئیمام حوسەین کە ڕێبەرێکی ناوازەیە لەناو مێژووی ئینسانی و ئیسلامیدا. 

ئەمەش دەقی وتارەکەیە:

بەناوی خوای گەورە و میھرەبان 

خوشک و برایانی ئازیز، ماتەمگێڕانی ساڵڕۆژی شەھیدبوونی پێشەوای ئازادیخوازان ئیمام حوسەین سەلامی خودای لێ بێت سەرەتا لەم یادە بە ئازارەدا سەرەخۆشی لە خۆم و لە ئێوە و لەھەموو ئەوانە دەکەم، کە دەستیان گرتووە بە بەھاو و پەیامە پیرۆزە بڵندەکانی ئەو پێشەوا مەزنەوە.

بەرجەستەبوونی کەسایەتی ئیمام حوسەین بەرجەستەبوونی ڕێبەرێکی ناوازەیە لەناو مێژووی ئینسانی و ئیسلامیدا، بوونی ڕێبەرێکە کە سیمبوڵی بەگژداچونەوەی زۆردارییە ھەتا ئەندازەی گیانبەخشین لە پێناوی بەدیھاتنی باوەڕی بەرز و پەیامی نەگۆڕ، کەئەویش بەرز ڕاگرتنی حەق و بەگژداچونەوەی زوڵم و زۆرداری بوو.

لە بەرزنجەی مەڵبەندی ناوداری کوردستان، ناوەندی عیرفان و تەریقەت مەڵبەندی سادات ئیلھامی ئەو پەیامە زیندوەی ئیمام حوسەین بەسەر دەکەینەوە دووبارەی دەکەینەوە کە لەگەڵ خۆیدا شۆڕشێکی بەردەوامی گەورەی فکری بۆ بەدیھێنانی یەکسانی و دادپەروەری لەو بەرەبەیانیەی مێژوەوە بۆ ئێستا بەدیھێنا، شۆڕشێک، کە ھەردەم بەھاکانی لە ناو دڵ و دەرون و بیرکردنەوەدا، بە نەمری دەمێننەوە و لە ئێستاشدا داوامان لێدەکات، لە پێناو بەردەوامبوونیدا، یەکێتی ڕیزەکانی گەلی بۆ ببپارێزین ھەتا لەو سۆنگەیەوە بنیاتنانەوە و چاکسازی و دادپەروەی بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و عێراقیش بەدیبھێنین.

یادەوەری ئیمام حوسەین داوامان لێدەکات کەھەمیشە ڕیزەکانمان یەکبخەین و گیانی برایەتی و لێبوردەیی زاڵ بکەین و بەگژ گەندەڵی و زوڵم و زۆرداریدا بچینەوە. ھەروەک چۆن بینیشمان کە پێکھاتەکانی عێراق بە کورد و عەرەب و تورکمان و موسوڵمان و مەسیحی و ئێزیدی و سابئییەکان بەیەکڕیز دژی دڕندەیی داعش وەستانەوە و بەنوێنەرایەتی ھەموو جیھان جەنگان و سەریشکەوتین.

یادەوەری ئیمام حوسەین ھەردەم داوامان لێدەکات کە تێبکۆشین لە پێناو ئازادی و چاکەخوازی و بەخشین و بەخشندەیدا، ھەردەم داوامان لێدەکات بەئەوپەڕی ھۆشیاریەوە رووبەڕووی زوڵم و بێدادی و توندوتیژی بوەستینەوە و ئەو پڕۆژە چاکسازییە بەئاکام بگەیەنین کە لە کەربەلاوە چەخماخەی داو لە ئێستاشدا ئێمە لە پێناویدا لە بەرزنجەی کوردستاندا کۆبووینەتەوە.

سڵاو لە میوانان و زیارەتکاران و ماتەمگێڕانی ئیمامی حوسەین لە سەرانسەری عێراق و جیھان.

سڵاو لە گیانی پیرۆزی ئیمام حوسەین پێشەوای ئازادیخوازان کەیەکماندەخات لەسەر ڕێز و شکۆمەندی بۆ ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵانی خەڵکی ئەم نیشتمانە.


Presedent

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڵبژاردە

رۆژمێری چالاکیەکان