سەرۆکایەتی کۆمار پرۆژەی یاسای بەکژاچوونەوەی توندوتیژی خێزانی رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات بۆ پەسەند کردن

2019/09/16


سەرۆکایەتی کۆمار پرۆژەی یاسای بەکژاچوونەوەی توندو تیژی خێزانی رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران کرد بە مەبەستی پەسەندکردن، ئامانج لەو پرۆژە قانونە کە ئەمڕۆ ٢٠١٩/٩/١٥ رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران کرا بریتییە لە پاراستنی خێزان بە تایبەت ژنان و کچان و بەدوورگرتنیان لە هەر جۆرە توندوتیژییەک بە بیانووی بەها کۆمەڵایەتییەکان، لەگەڵ سنوردانان بۆ رێگرتن لە تەشەنەسەندنی توندوتیژی، سزادانی سەرپێچی کاران و قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی کە بەهۆی ئەو توندوتیژییەوە دەکەوێتەوە، لەگەڵ پارێزگاریکردن لە قوربانییەکان و پێشکەشکردنی چاودێری پێویست و دەستەبەرکردنی باری کۆمەڵایەتی.

دەقی پرۆژەکە بریتییە لە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا لە لایەن ئەنجومەنی وەزیران بە ناونیشانی لیژنەی باڵا بۆ بەکژاچوونەوەی توندوتیژی خێزانی کە وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی سەرۆکایەتی دەکات هاوکات پێکهێنانی بەڕێوەبەرایەتییەک لە خۆ دەگرێت بە ناونیشانی بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی خێزان لە وەزارەتی ناوخۆ کە چۆنێتی بەڕێوەبردنی ئەرکەکانی لە دەقی پڕۆژە یاساکەدا هاتووە بەجۆرێک فەرمانبەرێک بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی پسپۆڕی لە بواری کاروباری خێزانی هەبێت سەرۆکایەتی دەکات و ماوەی لێپرسراوێتییەکەی لە پێنج ساڵ کەمتر نابێت.

هەر لە پرۆژە یاساکەدا هاتووە کە دادگایەکی تایبەت لە لایەن ئەنجومەنی دادوەری باڵاوە پێکدەهێنرێت یاخود لە چەند شوێنێکی تریش لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکانی توندوتیژی خێزان دەکرێت، هاوکات پرۆژە بڕیارەکە وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی پەیوەست دەکات بە کردنەوەی ناوەندەکانی داڵدەدان بە قوربانیانی توندوتیژی خێزانی لە بەغدا و تەواوی پارێزگاکانی تر لە پێناو پارێزگاریکردن لێیان و گەڕانەوەیان بۆ ناوخێزان.

هاوکات دابینکردنی پێداویستی تایبەت بۆ خاوەن پێداویستییەکان، رێکخراوە ناحکومییەکانی تایبەت بەو بوارەش مافی کردنەوەو بەڕێوەبردنی سەنتەرەکانی داڵدەدانیان دەبێت بە ئاگاداری و رەزامەندی هەردوو وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی و وەزارەتی ناوخۆ، هاوکات رێگەش بە دادگاکان دەدات کە بڕیاری پارێزگاریکردن دەر بکەن بۆ کەیسێکی لە ناکاو.

 لە بەشێکی تری پرۆژە بڕیارەکەدا هاتووە نێوەندگیری و ئاشتبوونەوە دەکرێت لە نێوان قوربانییەکەو سکاڵا لەسەر کراو لە رێگەی راگرتنی رێکارە یاساییەکان دژ بەو لایەنەی کە توندو تیژییەکەی کردووە.
Presedent

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڵبژاردە

رۆژمێری چالاکیەکان