لە وتەیەکیدا لە کۆربەندی سەرکردەکانی جیھاندا... سەرۆک کۆمار: ئەگەر ناکۆکییە سیاسییەکانمان بگۆڕین بۆ کێبڕکێی ئابووری ئەوە دەتوانین خزمەتی گەلانی خۆمان بکەین

2019/09/27

سەرۆک کۆمار د. بەرهەم ساڵح پێنج شەممە ٢٠١٩/٩/٢٦ لە نیویۆرک وتارێکی لە کۆربەندی سەرکردەکانی جیھان پێشکەشکرد. 

لە سەرەتادا سەرۆکی زانکۆی کۆلۆمبیا بەخێرھاتنی سەرۆک بەرھەم و خانمی یەکەم و شاندی یاوەری سەرۆک کۆماری بۆ زانکۆکە کرد.

پاشان کورتە باسی لە سەر دۆخی عێراق کرد و رایگەیاند: ئەمڕۆ ھاووڵاتیانی عێراق دوای تێپەڕبوونی 15 ساڵ جەنگ هەوڵدەدەن لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە و وڵات ئاوەدان بکەنەوە بۆ بونیادنانی دیموکراسی لە وڵاتەکەیان. 

وتیشی: سیاسییەکانی عێراق کار دەکەن بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان وەک دابینکردنی هەلی کار و بونیادنانی ژێرخانی وڵاتەکەیان. 

لەو میانەیەدا رایگەیاند کەسێک هەیە لە توانایدایە یارمەتیمان بدات باشتر لە عێراق تێبگەین، ئەو کەسەش سەرۆک ساڵح-ە، سەرکردەیەکی خاوەن بیر و پرەنسیپە ئەو ئەندازیار و سیاسەتمەدار و دامەزرێنەری زانکۆیە.

لە دێژەی قسەکانیدا وتی: ئەو خۆی تەرخانکردوە بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیانی وڵاتەکەی، وڵاتی خۆی خۆشدەوێت.

لە وڵاتێکی فرە نەتەوەدا هەموو سەرکردە سیاسییەکانی عێراق متمانەی پێدەکەن. 

پاشان سەرۆکی زانکۆی کۆلۆمبیا بانگێشتی سەرۆک بەرھەمی کرد تا لە کۆربەندی سەرکردەکانی جیھان وتارێک پێشکەش بکات. 

لە وتەکەیدا سەرۆک کۆمار باسی لە بارودۆخی ئێستای عێراق کرد و ئاماژەی بەوە دا کە لە ئێستادا پێشکەوتنێکی زۆر بەدیهاتووە، ھاوکات باسی لە نەهامەتییەکانی گەلی عێراق کرد لە دەیەکانی ڕابردوودا و ووتی: گەلی عێراق بە بارودۆخێکی ئێجگار سەختدا تێپەڕیووە و ڕووبەڕووی تیرۆر و گۆڕی بە کۆمەڵ بووەتەوە و بەردەوام مافەکانی پێشێلکراوە و ئەوەی لەو ماوەیەدا بەسەر عێراقدا هاتووە بە سەر هیچ وڵاتێکی تردا نەهاتووە.

ھەر لەو کۆربەندەدا کە ژمارەیەکی بەرچاو سیاسەتمەدار و خوێندکارانی زانکۆی کۆلۆمبیا ئامادەی بوون سەرۆک بەرھەم ئاماژەی بەوەدا کە عێراق لە ڕووی سەربازییەوە تیرۆریستانی داعشی تێکشکاندووە و ھاووڵاتیانی عێراق بە کورد و عەرەب و سووننە و شیعە و مەسیحییەکانەوە لە دژی تیرۆریستان جەنگان، ئەو سەرکەوتنەش بەبێ یارمەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەدینەدەهات. 

هەروەها ووتی: کە هێشتا پاشماوەکانی داعش لە سوریا ماون و نابێت ڕێگە بەوە بدرێت تیرۆریستان وەک چەکێک لە دژی وڵاتێکی تر بەکاربهێنرێت و ئەگەر وریا نەبین ئەوە تیرۆریستان دووبارە سەرهەڵدەدەنەوە. 

هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە دەبێت گەندەڵی نەهێڵدرێت چونکە گەندەڵی هۆکارێکە بۆ سەرهەڵدانی توندەڕوی و دیوی دووەمی تیرۆرە.

لە کۆتایی ووتەکەیدا سەرۆک بەرھەم رایگەیاند: ئەگەر ناکۆکی و ململانیە سیاسییەکانمان بگۆڕین بۆ ململانێ و کێبڕکێی ئابووری ئەوە دەتوانین لە رۆژھەڵاتی ناوەراست خزمەتی گەلانی خۆمان بکەین.

پاشان خوێندکارانی زانکۆی کۆلۆمبیا پرسیاریان ئاراستەی سەرۆک بەرھەم کرد، سەبارەت بە دۆخی سیاسی و ئابووری عێراق و ڕۆژهەڵاتی  ناوەڕاست، سەرۆک کۆمار بە وردی وەڵامی  پرسیارەکانی خۆێندکارانی ئامادەبووی دایەوە.


Presedent

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڵبژاردە

رۆژمێری چالاکیەکان