سەرۆک کۆمار پەیوەندییەکی تەلەفونی لە شا عەبدوڵای دووەمەوە پێگەیشت

2019/12/07


سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح ئەمڕۆ شەممە ٢٠١٩/١٢/٧ پەیوەندییەکی تەلەفونی لە شا عەبدوڵای دووەم پادشای ئوردن پێگەیشت.

لە پەیوەندییە تەلەفونیەکەدا شاعەبدوڵا، پشتیوانی ئوردنی بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی و پێشکەوتنی عێراق دەربڕی، بەجۆرێک کە بەرژەوەندی گەلی عێراق بپارێزێت و ببێتە هۆی ڕێگری لە رشتنی خۆینی ھاووڵاتیانی.
 
ھەروەھا شاعەبدوڵا، جەختی لە پشتگیری ھەوڵەکانی عێراق بۆ ھێورکردنەوەی دۆخەکەو دەستەبەرکردنی خواستەکانی گەلی عێراق کردەوە، لە پێناو بەھێزکردنی سەقامگیری و ئاسایش و پاراستنی سەربەخۆیی و بەرەنگاربوونەوەی ھەر ھەوڵێک بۆ دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی و تێکدانی ئاسایش تێیدا، ھاوکات ڕێگریکردن لە دوبارە سەرهەڵدانەوەی ھەر گروپێکی تیرۆریستی تاوانکار، کە گەلی عێراق بە ئازایانە لە ڕابردوودا ڕووبەڕوویان بوونەوە بەھەموو پێکھاتەکانیانەوە، لە چوارچێوەی ھەستانەوەی دووبارەی عێراق و ئاوەدانکردنەوەی ئەو جێگایانەی کە تیرۆر تێکیداوە، هەروەها ببێتە ھۆی بەھێزکردنی بەرەی ناوخۆ و یەکریزی ڕۆڵەکانی گەلی عێراق، بۆگەیشتن بەپێگەی سروشتی خۆی لەناوچەکە و جیھاندا.

هەر لەو پەیوەندییە تەلەفونییەدا سەرۆک کۆمار سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ھەڵوێستی جوامێرانەی شاعەبدوڵا و گەلی ئوردنی سەبارەت بەگەلی عێراق دەربڕی و ھیوای تەندروستی بۆ شاعەبدوڵا و سەربەرزی بۆ گەلی ئوردنی خواست.

هاوکات سەرۆک بەرھەم جەختیکردەوە لەو ھەوڵانەی کە دەدرێن لە پێناو پاراستنی یەکریزی گەلی عێراق و یەکخستنی وتارەکان بە جیاوازی پێکھاتەکانیانەوە، لەبەرامبەر مەترسییەکان و تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی ئێستا و سەرخستنی بەرژەوەندی نیشتمانی و پارێزگاری لە ئاسایش و سەقامگیری وڵات و بەھێزکردنی ئازادی و دیموکراسی و بەدیھێنانی چاکسازی.

لەدرێژەی پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەدا، سەرۆک بەرھەم ئاماژەی بەوەکرد کە عێراق بەڕێز و پێزانینەوە دەڕوانێتە پشتگیری وڵاتانی دۆست بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە نەخوازراوەی ئێستای عێراق.

لەکۆتاییدا سەرۆک بەرھەم و پادشای ئوردن جەختیان کردەوە لە پێویستی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان و ھاریکاری نێوان عێراق و ئوردن، کە ببێتە مایەی بەھێزکردنی سەقامگیری ئاسایش و پێشکەوتنی ناوچەکە لەم بارودۆخە ھەستیارەدا کەپێیدا تێدەپەڕێت.
Presedent

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڵبژاردە

رۆژمێری چالاکیەکان