سەرۆك كۆمار پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەمریكاوە پێگەیشت

2019/12/09


سەرۆك كۆمار د. بەرهەم ساڵح ئەمڕۆ دوو شەممە ٢٠١٩/١٢/٩ پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەمریكاوە پێگەیشت.

لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا دۆخی ئێستای عێراق و ناوچەكە بەگشتی گفتوگۆی لەبارەوەكرا، هەروەها رێگەچارەی پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی عێراق و ئەمریکا گفتوگۆی لەبارەوە كرا، كە دەبێتە مایەیی پتەوكردنی هاریكاری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات.

مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەمریكا پشتیوانی خۆی بۆ ئارامی عێراق و ئەو داواكارییانەی كە عێراقییەكان هەیانە بە ئاڕاستەی چاكسازی و چەسپاندنی ئاشتی و ڕەتكردنەوەی توندوتیژی دووپاتکردەوە، ھەروەھا ئاماژەشی كرد بە گرنگی رێزگرتن و پارێزگاریكردن لە ویستی عێراقییەكان و بژاردەكانیان كە دوور بێت لە هەر دەست تێوەردانێكی دەرەكی.

لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆك كۆمار سوربوونی خۆی دووپاتكردەوە لەسەر چارەسەركردنی دۆخی ئێستا كە وەڵامدانەوەیەك بێت بۆ بڕیاری نیشتمانی عێراقی بەدوور لە هەر دەستوەردانێكی دەرەكی بە شێوەیەكی ئاشتیانە كە تیایدا پارێزگاری لە ئاسایش و خوێنی گەلی عێراق بكات و یارمەتیدەر بێت بۆ بەرزڕاگرتنی دەسەڵاتی یاسا و دەوڵەت و پاریزگاریش لە مافی رادەربرین و خۆپیشاندانی ئاشتیانە بكات، هەروەك رێگریش بكات لە هەر هەولێك بۆ دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی وڵات و شێواندنی باری ئەمنییەكەی.

سەرۆك كۆمار تەئكیدی كردەوە لەسەر پێویستی ڕەتكردنەوەی توندوتیژی و پارێزگاریكردن لە جوڵەی ئاشتیانەی جەماوەری و رەچاوكردنی مافی رۆڵەكانی نیشتمان لە دەربڕینی بیروراو داواكارییەكانیان كە لەگەڵ دەوڵەتێكی دیموكراتی دێتەوە، هەروەها دووپاتیشی كردەوە لەسەر پشتیوانیكردنی دەزگا ئەمنی و سەربازییەكان بۆ ئەوەی ئەركی نیشتمانی خۆیان راپەرێنن لە پارێزگاریكردنی گیانی هاووڵاتیان و دامەزراوەكان و رێگریكردن لە هەر سەرپێچی و لادانێك كە دەكرێتە سەر هاووڵاتیان و ئاسایشی گشتی.

ھاوکات سەرۆك كۆمار و جێگری سەرۆكی ئەمریكا یادی ئازادكردنی شاری موسڵ و ئەو قوربانیانەی كە گەلی عێراق لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر داویانە كردەوە و بە بایەخەوە باسیان كرد لە رۆڵی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ئەو پشتیوانییەی لە عێراق كراوە لە جەنگی دژ بە تیرۆر، هەروەها تەئكیدیان كردەوە لەسەر گرنگی بنیادنانەوەی شارە وێران بووەكان و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان و زامنكردنی پێكەوەژیانی پێكهاتە ئاینی و نەتەوەییەكان و پارێزگاریكردن لە یەكڕیزیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی.
Presedent

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڵبژاردە

رۆژمێری چالاکیەکان