سەرۆک کۆمار پێشوازیکرد لە وەزیری دەرەوەی تورکیا و سەبارەت بە دوا پێشهاتەکانی ناوچەکە گفتوگۆیانکرد

2020/01/09


سەرۆک کۆمار د. به‌رهه‌م ساڵح ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ ٢٠٢٠/١/٩ لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاویش ئۆغڵۆ و شاندی یاوەری و سەبارەت بە گۆرانکاری و دوا پێشھاتەکانی ناوچەکە و جیهان و پرسە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات گفتوگۆیان ئەنجامدا.

لە دیدارەکەدا سەرۆک بەرهەم، جەختی لە کاری هاوبەش و هەماهەنگی زیاتر بۆ دورخستنەوەی ململانێ و جەنگ لە عێراق و ناوچەکە و ڕەتکردنەوەی بیرۆکەی جەنگی بەوەکالەت کردەوە، تا وەکو عێراق نەبێتە پێگەیەک بۆ دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتانی ناوچەکە.
 
هەر لە دیدارەکەدا، سەرۆک کۆمار دووپاتی لە پێویستی یەکخستنی ھەوڵەکانی گشت لایەنەکان کردەوە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان و هێورکردنەوەی دۆخەکە و دانبەخۆداگرتن لە پێناو سەقامگیری و ئاسایش و ئارامی و خۆشگوزەرانی گەلانی ناوچەکە.

لەلای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی تورکیا، پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ سەروەری و سەقامگیری عێراق دووپاتکردەوە، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە پێویستە پەناببرێتە بەر گفتوگۆ و دیالۆگ بۆ هێورکردنەوەی دۆخی ئاڵۆز و هەستیاری ئێستای ناوچەکە.

هەر لەدیدارەکەدا باس لە چۆنیەتی بەهێزکردن و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان عێراق و تورکیا کرا، بەجۆرێک کەخزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات بکات.


Presedent

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڵبژاردە

رۆژمێری چالاکیەکان