دەقی وتاری سەرۆک کۆمار لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی داڤۆس

2020/01/22

بەرێزان خوشک و برایانی ئازیز

خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لێرە لەگەڵتانم لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی و نوێنەرایەتی وڵاتەکەم دەکەم.

لە ژێر سەرکردایەتی رۆشنگەری پرۆفیسۆر کلاوس شواب ئەم کۆبوونەوەیە بووە بە یەکێک لە دیارترین رووداوەکانی جیهان بۆ خستنە رووی ئاڵنگارییە ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان، لەو کاتەوەی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی بۆ یەکەم جار لە ساڵی ۱۹۷۱ دا بەسترا ئەوەی خستە روو کە هیچ شتێک ئەستەم نییە کاتێک حکومەت و دامەزراوە و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و بیرمەندانی گەورەی جیهان پێکەوە کۆدەبنەوە و یەکدەگرن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ دیارترین کێشە بەرچاوەکانی جیهان، ئەم کۆڕبەندە ئەوە نیشان دەدات کە لە ڕێگەی کرداری هاوبەش و مەبەست و چارەسەری هاوبەش ئامانجەکان بەدیدێت، ئەم دەروازەیە بریتیە لە گفتوگۆیەکی جددی لە بارەی ئەوەی چۆن ئامانجە پڕ هیواکان بەدیبێنین.

هیچ کەس لەم ژوورەدا سەرسام نابێت کاتێک دەڵیم ئەمانە سەردەمێکی پڕ ئالنگارین بۆ عێراق، خۆپیشاندەران کە زۆربەیان لە گەنجانی عێراقن لە شەقامەکاندا بۆ ماوەی چوار مانگە خۆپیشاندان دەکەن و ژیانیان خستۆتە بەر ئاراستەیەک بۆ گۆڕانکاری، داواکاری ئەوان ویستی قوڵ و داوکاری گرنگیان هەیە بۆ دەرفەتی ئابووری وڵاتەکەی خۆیان بۆ ئەوەی دەنگیان ببیسترێ و وەڵام بدرێنەوە، لەهەمان کاتدا پەرەسەندنی ھەرێمایەتی هەڕەشە لە سەروەریمان دەکات ئێمە لە بەردەم زریانێکداین. 

بڕوای تەواوم هەیە کە عێراق لە ئاست ئەم ئاڵنگاریانەدا هەڵدەستێتەوە زیاتر لەوەی وەک نێچیرێکی کەوتوو بێت بۆیان، ئێمە هێشتا دەتوانین وڵاتێکی خۆشگوزران و بەهێزتر و باشتر و یەکگرتوو تر نیشان بدەین.

لە وتارەکەمدا لە کۆبوونەوەی حەفتا و چوارەمینی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ئەیلولی ساڵی رابردوو لە نیویۆرک پێشکەشم کرد، باسم لە ئومێدێکی بینراو و خۆشگوزەرانی کرد بۆ داهاتووی عێراق و رۆژھەڵاتی ناوەراست، لە هەمان کاتدا داننان بە هەستیاری دۆخی قورسمان توانی ئاسایش و سەقامگیری لەو کاتەدا بەدەست بهێنێت، بۆیە زۆرمان ئومێد و هیوا هەبوو لەو بارەیەوە، پەتای داعش لە عێراق لە ناوبرا سوپاس بۆ ئەو قوربانییە شکۆمەندانەی کە هێزەکانی عێراق لە سوپا و حەشدی شەعبی و پێشمەرگە و یەکەکانی تر بەخشیان بە پشتیوانی کۆمەڵی نێودەوڵەتی.

عێراق لە لێواری سەردەمێکی نوێدا وەستا، لە شوێنێک کە برینە ناوخۆییەکان بۆ دواین جار بتوانن سارێژ ببن، لە شوێنێک کە بتوانین چەندین دەیە لە جەنگ و گەمارۆ و تراژییدیاکان تێپەرێنین و لە شوێنێکدا کە بتوانین پێکەوە کاربکەین بەرەو بوژانەوەی کۆمەڵایەتی و ئابووری کە گەلی عێراق شایستەیانە.

تێڕوانینی من ئەو کاتەو ئێستاش بۆ عێراق دەکەوێتە ناوەندی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەو جۆرەیە کە دەکرێت ببێت بە هێزێک بۆ سەقامگیری و پردێکیش بۆ یەکخستنی ئابووریەکی گەورە تر لە ناوچەکەدا.

گرژییە پەرەسەندووەکان لە نێوان ئێران و وڵاتانی کەنداو و ئەمریکا لە ماوەی مانگی رابردوو ئەوەی بەبیر هێناینەوە کە ویستەکانمان لەوانەیە لەبەردەم هەرەشەدا بێت بەهۆی ململانێ سیاسییەکان کە بەدەرن لە کۆنترۆڵی ئێمەو دەستوەردانە دەرەکییەکانیش رەتکەینەوە.

ئێمە داخوازی پەیوەندیەکی باش لەگەڵ هەمووان دەکەین هیچ بەرژەوەندییەکمان نییە بۆ ئەوەی پەلکێشی ململانێکان بکرێین کە نە بژاردەی ئێمەیەو نە دروستیشی دەکەین، ئەگەر بێت و دراوسێ هاوپەیمانەکانمان لە ململانێ و ملشکاندنی یەکتردا بەردەوام بن ئەوا سەروەری ئێمە رێزی لێ ناگیرێ و ناوچەکەشمان وەک مەیدانێکی جەنگ بەکار دەهێنرێت، بۆیە دواتر ناتوانین هیچ ئومێدێکی بەدیهێنانی بەرنامەی کاری گۆڕانکاری بەدەست بهێنین، عێراق قەرزار بار و سوپاسگوزاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە بە سەرۆکایەتی ئەمریکا بەتایبەت بۆ ئەو پشتیوانییە ئابووری و سەربازییەی کە پێشکەشیکرد و بەردەوامە لە پێشکەشکردنی لە جەنگی دژ بە داعش.

هاوپەیمانی سەربازی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رابەرایەتی کرد ئامرازێک بوو بۆ ئەوەی هێزە عێراقییەکان بتوانن سەرکەوتنی بەرچاو لە جەنگێکی دروستکراودا بەدەست بهێنن، بەڵام ئێران رۆڵێکی میحوەری لە جەنگی دژ بە داعش گێڕاو و ئێمە پەیوەندییەکی دوور و درێژی جوگرافی و سەرچاوەی ئاو و ئابووری و ئاینیمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەیە.

پەیوەندییەکانی عێراق و بەرژەوەندییەکانی زیاتر پەیوەستە بە قوڵای عەرەبی، پێویستە بوترێت تورکیا کە دراوسێمانە لە باکورەوە دەرچەیەکی سەرەکی بەرژەوەندییەکانمانە وەک دەبینین جیۆپۆلیتیکی عێراق جێگەی سەرنجە و زیندوو و پڕ ئالنگارییە.

لە بەرژەوەندیمان نییە کە هاوپەیمانێک هەڵبژێرین لەگەڵ یەکێک لە سەر حسابی ئەوی تر تا ئەوکاتەی کە سەروەری و سەربەخۆیمان رێزی لێدەگیرێت هیچ وڵاتێک نابێت عێراق سەرکوت بکات، بە تایبەت ئەو وڵاتانەی کە پەیوەندیمان لەگەڵیان هەیە، سیاسەت و پەیوەندی ئابووری و دیبلۆماسیمان پێویستە لەگەڵ بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکانی خۆماندا یەکانگیر بێت نەک لەگەڵ ئەوانی تر و نەک هەتاکو لەگەڵ هاوپەیمانەکانیشمان.

سەقامگیری و سەروەری عیراق پێویستە بەرژەوەندی هاوبەشی دراوسێکان و هاوپەیمانە نیودەوڵەتییەکانمان بێت، ناکرێت سزا بدرێین لە کاتێکدا کە پارێزگاری لە بەرژەوەندی و سەروەریمان دەکەین و دەمانەوێت سەربەخۆی سەربازی خۆمان بەهێز بکەین، دواین بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ پاشەکشەی هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکەمان بریتی نییە لە ئاماژەیەک بۆ پێنەزانین و دوژمنکاری، بەڵکو ئەوە کاردانەوەیەکە بۆ ئەوەی کە زۆربەی عیراقییەکان بە سەرپێچیەکی سەروەری وڵاتەکەیانی دەزانن، ئەم بابەتە دەکرێت لە رێگەی دیالۆگەوە لە دڵەوە چارسەر بکرێت، کە خزمەت بە سەقامگیری و سەروەری عێراق بکات.

خوشک و برایانی ئازیز

خۆشگوزەرانی و ئاسایش لە عێراقدا ئاستەمە تاکو رۆژھەڵاتی ناوەڕاست رێگەیەک نەدۆزێتەوە بۆ ئەوەی بەدەر بێت لە ناسەقامگیری و ململانێکان، شەپۆلی توند و تیژیە بەردەوامەکان و کێبەرکێکان هیچ شتێک ناهێننە دی جگە لە ئازارێک بۆ گەلەکەمان و لێسەندنەوەی داهاتوویان کە شایستەیانە.

تا ئێستاش بڕوام وایە کە عێراق دەبێتە هەوێنی گۆڕانکارییەکی ئیجابی، ئەمە نەک لەبەر ئەوەی تەنیا وڵاتێکە کە هەیە، بەڵکو لە سەردەمەکانی میسیۆپۆتامیاوە بووە بە لانکەی شارستانی و دەفرێکی توانەوە بۆ بیر و باوەڕ و تایفە و نەژادە جیاوازەکان. 

کەم وڵات هەیە رووبەڕووی مەترسییەکانی جەنگ و توندوتیژی و سەرکوتکردن و بۆردومانی کیمیایی و گۆڕە بەکۆمەڵەکان و گەمارۆ و خوێنڕێژی تائیفی و نەژادی بوبێتەوە وەک ئەوەی ئێمە رووبەڕووی بوینەتەوە، کە کەمترین ئاشتی و سەقامگیریمان هەبووە.

ئەم ئەزمونە تاڵانە فێریان کردووین کە سەرەرای جیاوازیەکانمان زۆر شت هەیە کە پێکمانەوە ئەبەستێت وەک لەوەی لە یەکترمان دابرێت، خۆپیشاندەرانیش ئاماژەیەکی ترن بۆ ئەمە، نیشتیمان پەروەری و پابەندبونیان بە عێراق رۆژانە لە شەقامەکانی عێراق نیشان دەدەن.

ئێمە پێکەوە خەونەکانمان هاوبەش پێکردووە و بەرژەوەندییەکی هاوبەش بەیەکەوە گرێمان دەدات کە هەماهەنگی دەکەین بۆ بەدەستهێنانیان.

زۆر گرنگتر لەوە فێربووین کە چۆن بتوانین بە تەنیا ئەم خەونانە بەدیبهێنین ئەگەر بێت و لە ئامانج و مەبەستی هاوبەشدا یەکگرتوو و یەکریز بین، ئەمە وانەیەکیشە بۆ هەرێمەکەمان.

خۆشگوزەرانی بەندە بە قەڵاچۆکردنی توندڕەوی و فێرکردنی وانەی لێبوردەیی و یەکتر قبوڵکردن، ئەم وانەیە بەندە بە دروستکردنی پەیوەندییەکان نەک داخستنی دەرگاکان بەرووی یەکتردا، چوارچێوە ھەرێمایەتییەکان بۆ هەماهەنگی بازرگانی و ئابووری و ئاسایش کە دەتوانێت دەروازیەک بێت بۆ دیالۆگی سیاسی و چارەسەری کێشەکان لە نێو ئەو دوژمنانەی پێویستیانە.

پێویستە ئێمە بەدوای دۆزینەوەی چارەسەرەکان بین بۆ کێشەکانمان.

ئەمە ئەوەیە کە گەلی عێراق لاوەکان بە هەزارانیان لە رێگەی خۆپیشاندانی ئاشتیانەوە لە شەقامەکانی بەغدا و شەقامەکەنی تر نزیکەی چوار مانگ لەمەوبەر دەستی پێکرد، زۆر ئازار بەخش و ماڵوێران کەرە کاتێک توند و تیژی نرایەوە لەلایەن ئەوانەی کە لە دەرەوەی یاسابوون کە لەئەنجامدا زیاتر لە 600 خۆپیشاندەری ئاشتی خواز و بێتاوان بوونە قوربانی زۆربەشیان لەو گەنجانە بوون کە لە نەوەدەکان و ساڵانی دواتر لە دایک بوون و هەروەها لە ریزی هێزە ئەمنیەکانیشدا قوربانییەکی زۆر بووە. 

بە توندی ئیدانەی ئەم تاوانانە دەکەین داوا دەکەین کە سەبەبکاران بە گوێرەی یاسا مامەڵەی دادپەروەرانەیان لەگەڵ بکرێت.

دادپەروەری و ئاسایش بنەمای هەر کۆمەڵ و دەوڵەتێک و نەتەوەیەکە، خۆپیشاندانی ئاشتیانە مافێکی بنەڕەتییە، گەنجە عێراقییەکان بۆ ژیانێکی باشتر بۆ وڵاتەکەیان بۆ دەستەبەری کاری زیاتر بۆ خزمەتگوزاری باشتر بۆ لەناو بردنی گەندەڵی خۆپیشاندان دەکەن، ئەو گەندەڵییەی کە وڵاتەکەمانی بۆ ماوەیەکی زۆرە بە ئاقارێکی خراپدا بردووە، منیش هەمان داواکاری ئەوانم هەیە، ئەوان داوا دەکەن نیشتمانی عێراقی یەکگرتوو بێت و بەگوێرەی ناسنامەی کۆمەڵی پەرتەوازە نەبێت، ئەوان داوای سیستەمێکی سیاسی دەکەن کە رەنگدانەوەی ناسنامەی ئەوان بێت و شکۆمەندیان بۆ بگەڕێتەوە، هەروەها داوای هەڵبژاردنی دادپەروەر و سەربەست دەکەن، ئەمە قۆناغێکی راگوزەری نەوەکانە کە رەنگدانەوەیەکە بۆ بەدیهێنانی باشتر و ئامانجی باشتر، ئەمە پرۆسەیەکی ئاسان نابێت، هیچ کەس ناتوانێت لە شەو و رۆژێکدا بەدەستی بهێنێت، پێویستمانە متمانەی گەلی عێراقە بە حکومەتەکەیان و پێداچوونەوە بە یاسا و دەستوورمان بە دەست بهێنینەوە تاکو ببینین چۆن ئەوان بەڵێنەکانی نێوان سەرکردە عێراقییەکان و گەلەکەمان نوێ و بە هێز دەکەن، بۆ ئەوەی پێشووتر زیاتر نوێنەرایەتی ئەوانەی داهاتوو بکات، هەروەها پێویستمانە دۆخێک بهێنینە کایەوە کە گەشەی ئابووری بەردەوام بێتە دی و دەستەبەری کار بۆ لاوەکانمان بەدی بێت و لە ئاست گەشەی خێرای دانیشتواندا بێت، بێکاری لاوان گەشتووەتە ئاستێکی بەرز بەرەو خراپتر دەڕوات ئەگەر نەتوانین لاوەکانمان بە بەهرە و خوێندنی پێویست دابین بکەین کە پێویستیانە بۆ سەرکەوتن.

لە(۳۸)ملیۆن دانیشتوانی عێراقی ڕێژەی لە ٦٥٪ لە ژێر تەمەنی (۳۰) ساڵەوەن وڵاتەکەی من بەرزترین رێژەی توانا و خەزێنەی مرۆیی هەیە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا و دانیشتوانەکەی ساڵانە یەک ملیۆن لە دە ساڵی داهاتوودا زیاد دەکات، ئەم راستییە ئابووری و دیمۆگرافیانە ناکرێت لەبەر چاو نەگیرێن و وەک ئەمری واقع دەوڵەتی عیراق ناتوانێ ئەمە بە تەنیا بکات، کەرتی گشتی توشی گیرۆدەیی بووە پێویستمانە کە کەرتی تایبەت بەهێز بکەین و داوا لە هەموو ئەوانەی بکەین کە ئەمڕۆ لێرە کۆبوونەتەوە کە بە گوێرەی توانا رۆڵی خۆیان ببینن لە هێنانی وەبەرهێنانی بیانی و تواناکان بۆ عێراق.

تێدەگەین لەو راستیە کە ئێمە رۆڵیکی گرنگمان هەیە کە بیگێڕین لە دروستکردنی ئەم دۆخە پێویستە ئێمە ببینە وڵاتێک کە عێراقی و بیانییەکان متمانەیان هەبێت بۆ مەودایەکی دور و درێژ وەبەرهێنان بکەن و وە تیایدا کەرتی تایبەت بەهێز بکرێت، بۆیە پێویستە کە بناغەی یاسای و رێکخستن دابرێژین بۆ پارێزگاری لە وەبەرهێنەران و رەخساندنی بازاڕی ئازاد.

پێویستە بوترێ گەندەڵی دەبێت قەڵاچۆ بکرێت ئەمە شێرپەنجەیەکە کە گیرۆدەی ئابووری سیاسی ململانێ و نا سەقامگیری سیاسی بووە، بەرێوەبردنی باش و حوکمی یاسا پێویستە بە کردار بونیاد بنرێت نەوەکو تەنیا سەرزارەکی بێت پێویستە بەردەوام بێت وە هەروەها درێژەی پێ بدرێت.

بە درێژای ئەم دۆخە هەستیار و ناسکانە سودێکی زۆرمان لە ژیری و رێبەری مەرجەعیەت بینیوە لە نەجەف بە تایبەت سەماحەتی سەید ئایەتوڵا عەلی سیستانی کە رابەرایەتی ئەو لە رۆژە تاریکەکاندا زۆر کاریگەر و گرنگ بووە یارمەتیدەر بووە بۆ ئەوەی عیراق بگەیەنێت بە کەناری ئارام، دڵنیام لە کاتێکدا قسە لەگەڵ ئێوەدا دەکەم، داوای هەرچی زوو چاکبوونەوە دەکەم بۆ ئەو نەشتەرگەریەی کە بەم دوایەی بۆ سەماحەتیان کرا.

لە کۆتایدا پێویستە ژێرخانمان بونیاد بنێن و نوێ بکەینەوە لە پێناو دروستکردنی بناغەیەکی پێویست بۆ گەشەی ئابووری بونیادنان و سەر پێخستنەوەی ئەو ناوچانەمان کە لە جەنگی دژ بە داعش وێران و کاول بووە لە پێشینەی کارەکانمان دەبێت بەڵام ئەگەر بێتو لە ماوەیەکی درێژتردا ئەو ویستەمان بە دیبهێنین ئەوا دەبێت ویستمان بۆ ئایندەیەکی دوور تر بروانێت، پێویستمان بە بەندەری نوێ و ڕێگای خێرا و هێڵی ئاسنین و فرۆکەخانە و شاری پیشەسازی و بەنداو هەیە، پێویستمان بە ئاودێری نوێ و پرۆژەی زەوی و زار هەیە، پێویستە پشتیوانی لە مەشق پێکردنی نەوەی نوێمان بکەین بۆ ئەوەی هاووڵاتییەکی بەرهەم دار بن لە ئابووری گەشەسەندووی سەدەی ۲۱ دا.

عێراق ناتوانێت هیچ کام لەمانە بە تەنیا بکات، هەر یەک لە سەرمایەی وەبەرهێنان و شارەزاییە پیویستەکان گەورە و لە ئاستێکی فراوان دا دەبێت، جارێکی تر عێراق لە دامەزراوە داراییە نیودەوڵەتی و وڵاتانی کۆمەک بەخش و بودجە و سەرمایەی سەربەخۆ و کەرتی تایبەتی نێودەوڵەتی، بە شیوازێکی تر هەموو ئێوە دەروانێت کە ببن بە هاوبەشمان.

ئەمەوێت لێرە لەگەڵ دواین بیرۆکەکان جێتان بهێڵم ، وەک ئەوەی وتومە ئەمانە سەردەمێکی قورسن بۆ عێراق و ناوچەکە ، بەڵام سەقامگیری و عێراق و هەوڵەکان بەرەو ئاشتی و خۆشگوزەرانی هەنگاوێکی گرنگن بۆ قەڵاچۆکردنی توندرەوی و ململانێکان کە هەموومان تێوە دەگلێنێ ، ئێمە چەندین خاڵی بەهێزمان هەیە لە کاتێکدا لەم ئەرکە دەروانین ، گەلی عێراق بە هەموو پاشخانی جیاوازەوە یەکلا کەرەوە و خەڵکانی بەهێزن کە بۆ چەندین دەیەیە لە توند و تیژی و پەراوێز خستن ژیاون بەبێ ئەوەی دەست  لە شکۆمەندی یاخود ویستی خۆیان هەڵگرن ، لە راستیدا ئێمە لە لایەن مەرجەعیەت لە نەجەف هێزمان پێدراوە کە بووە بە لەنگەر بۆ نوێ بوونەوە و دان بە خۆدا گرتن و چاکسازی، هەروەها بۆ درێژەدان بە دووپاتکردنەوە لەسەر پارێزگاریکردن لە سەروەری عێراق.

وەک لەم ئامادە بووە بەرێزانە دەڕوانم زۆرێک لە هاوڕێیانم و هاوپەیمانەکانم دەبینم کە ئەزانم لە گەڵ ویستی ئێمەدان ، ئومێدی بەردەوام دەخوازم کە ئێوە لەگەڵماندا بەردەوام بن بۆ ئەوەی پشتیوانی لە هەوڵەکانمان بکەن ، ئێمەی عێراقی ئەوە دەزانین و یەکلاکەرەوەشە کە داهاتوو لە دەستی ئێمەدایە ، بەڵام لە هەمان کاتدا سوپاسگوزاری پشتیوانی هاوبەشەکانمان لە رۆژھەڵات  و خۆرئاوا دەکەین و دەزانین کە پابەندبوونی ئەوان بە ئێمەوە هەوڵیکی زیندووە بۆ سەرکەوتنمان.


Presedent

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڵبژاردە

رۆژمێری چالاکیەکان