لە دیدارێکدا لەگەڵ پاپای ڤاتیکان.. سەرۆک کۆمار جەختی لە چڕکردنەوەی هەوڵەکان کردەوە بۆ ھێنانەدی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا

2020/01/25

سەرۆك كۆمار د. بەرهەم ساڵح ئەمڕۆ شەممە ٢٠٢٠/١/٢٥ لە ڤاتیکان چاویکەوت بە قەداسەتی پاپا فرنسێس و لەلایەن قەداسەتی پاپا و ژمارەیەک لەکاردیناڵ و ئوسقوفەکانی ڤاتیکان پێشوازیەکی فەرمی لێکرا.

لە دیدارەکدا سەرۆك بەرهەم دووپاتیکردەوە کە برایەتی و پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی نێوان موسڵمانان و کریستیانەکان و پێکهاتەکانی دیکە تەنها ڕێگایە بۆ لە ناوبردنی توندڕەوی بە گشت جۆرەکانییەوە، ھاوکات روونیکردەوە تاوانەکانی تیرۆر کە یەخەی بەگشت پێکهاتەکانی عێراق گرتووە هیچ پەیوەندییەکی بە ناوەڕۆکی ئاینی ئیسلامەوە نییە.
     
هەروەها سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوە کرد کە چارەسەری ئەو قەیرانانەی کە ناوچەکە دووچاری هاتووە تەنها لە ڕێگای گفتوگۆ و لێکگەیشت دەبێت چارەسەر بکرێت، هاوکات جەختیشی لە گرنگی چڕکردنەوەی هەوڵەکان کردەوە لە پێناو ھێنانەدی ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە.

هەر لەدیدارەکەدا سەرۆک کۆمار، هەڵوێستە ڕاستگۆییەکانی پاپای لە هاندانی بۆ یەکڕیزی نێوان گشت گەلی عێراق و پەرۆشی قەداسەتیانیشی بۆ بەرجەستەکردنی ئاشتی و ئارامی و پێکەوە ژیانی هاوبەش لە نێوان ئایینە ئاسمانییەکان و ڕێگانەدان بەتەشەنەکردنی زیاتری دۆخەکە لە ناوچەکە و جیهاندا بەرز نرخاند.

لەلای خۆیەوە پاپا فرەنسێس جەختی لە پێویستی پشتیوانی لە سەقامگیری عێراق و گرنگی سەرخستنی زمانی دیالۆگ و لێکگەیشتن و بەهێزکردنی پێکەوە ژیانی ئاشتیانە و بەرجەستەکردنی خۆشەویستی و ئاشتی کردەوە.

لە کۆتایی دیدارەکەدا گفتوگۆکرا لە بارەی سەردانەکەی پاپا بۆ عێراق.

شایانی باسە سەرۆک بەرهەم پێشوتریش لە ٢٠١٨/١١/٢٤ چاویکەوتبوو بە قەداسەتی پاپا و ئەم سەردانەی پاپا-یش لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە دۆخێکی پڕ مەترسیدا تێدەپەرێت.

Presedent