سەرۆك كۆمار پیرۆزبایی لە ژنانی عێراق و کوردستان و جیهان دەكات بەبۆنەی رۆژی جیهانی ژن

2020/03/08


سەرۆك كۆمار نامەیەكی پیرۆزبایی ئاراستەی ژنانی عێراق و کوردستان و جیهان كردووە بەم بۆنەیەوە دووپاتیكردووەتەوە كە ژنانی عێراق كۆڵەكەیەكی بەهێز بوون لە كاروانی خەبات و بەرەنگاربوونەوەی رژێمی سەركەوتكەر و گروپە تیرۆریستییەكان و ئەو ئایدۆلۆژییە نابوتەی كە بووە هۆی سەركوتكردن و فرۆشتن و دەستدرێژی كردنە سەر ژنان و كچانی عێراقی بەبێ‌ هیچ بیانویەك تەنیا لەبەر ئەوەی لە ئاین و مەزهەب یان نەژادێكی جیاواز بوون، خوشكان و كچانی ئێزدیمان تا ئێستاش برینێكن لە دڵمان لە هەر كاتێك كە یادەوەری قوربانیانی دەستی تیرۆر دەكەینەوە.

ئەمەش دەقی نامەی پیرۆزباییەكەیە:

بەناوی یەزدانی بەخشندە و میهرەبان

ئەمڕۆ ساڵیادی رۆژی جیهانی ژنان دەكەینەوە، خۆشحاڵ دەبم كە گەرمترین پیرۆزبایی پێشكەش بە ژنانی عێراق و كوردستان و جیهان بكەم، هیواخوازم ساڵێكی پڕ پیت و بەرەكەت بێت بۆیان لە سەركەوتن بۆ بەدیهێنانی ویست و داواكارییەكانیان.

ژنان ئایكۆنێكی نیشتمان و سیمبولی داهێنان و پێشكەوتن و كۆڵەكەیەكی بەهێزن لەكاروانی خەبات و بەرەنگاربوونەوەی رژێمی سەركوتكەر و گروپە تیرۆریستییەكان و ئەو ئایدۆلۆژییە نابوتەی كە بووە هۆی سەركوتكردن و فرۆشتن و دەستدرێژی كردنە سەر ژنان و كچان بەبێ‌ هیچ بیانویەك تەنیا لەبەر ئەوەی لە ئاین و مەزهەب یان نەژادێكی جیاوازتر بوون، خوشكان و كچانی ئێزدیمان تا ئێستاش برینێكن لە دڵمان لە هەر كاتێك كە یادەوەری قوربانیانی دەستی تیرۆر دەكەینەوە.

ئەمڕۆ ژنان بەو پەڕی ئازایەتییەوە لە گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندان رادەوەستن بۆ داواكردنی مافە رەواكانیان هەر لە هێنانەدی چاكسازی و رەتكردنەوەی توندوتیژی، هەروەك ژنانی عێراق قوربانی زۆریانداوە و بەرگەی ناسۆری ژیان و بەرپرسیارییەتیان گرتووە بۆ پەروەردەكردنی نەوەیەك كە بڕوای بە نیشتمان و دۆزەكەی بێت، كە بەراستی ئەوان دەنگێكی دلێری نیشتمان بوون.

لەسۆنگەی بڕوای جێگیرمان بەوەی سەقامگیری و پێشكەوتن بەدی نایەت بەبێ‌ گرنتیكردنی بەشداری كارای ژنان لە ئاستە جیاكانی ژیاندا، جەختیش دەكەینەوە كە ئێمە لەبەردەم بەرپرسیاریەتییەكی نیشتمانیداین كە هەوڵی زیاتر بدەین لەسەر پێویستی دەركردنی یاسایەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و هەنگاونان بەرەو دەنگدان لەسەر پرۆژەی بڕیاری رێگریكردن لە توندوتیژی خێزانی كە پێشتر سەرۆكایەتی كۆمار پێشكەشی ئەنجومەنی نوێنەرانی كردووە، هاوكات پێویستە كاری جددی بكرێت لەسەر پتەوكردنی پێگەی ژنانی عێراق و زامنكردنی ماف و بەشداری كارایان لە بڕیاردان و سپاردنی پێگەی بەهێز پێیان لە جومگەكانی حوكمڕانی دەوڵەت، بەگوێرەی ئەوەی لە دەستووری عێراقدا هاتووە.

سڵاو ستایش و رێز بۆ ژنان، بە دایك و خوشك و هاوسەر و كچ  كە فریاگوزارن لە مەیدانەكانی ناڕەزایی و خوێندكاری خۆپیشاندەر داوای چاكسازی و مافی خۆی دەكات لە خوێندن.

سڵاو شكۆمەندی و شانازی بۆ دایكی شەهیدان و هاوسەر و كچەكانیان

سڵاو رێز بۆ ژنان دان بەخۆدا گرو داهێنەر بە بوارەكانی ژیان.

هەموو ساڵێك بەخۆشی و ژنانی عێراقیش لە خۆشی و ئارامیدا بن.

د. بەرهەم ساڵح
سەرۆك كۆمار
Presedent

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڵبژاردە

رۆژمێری چالاکیەکان