‎سەرۆک کۆمار لەمیانی پێشوازیکردنی لەوەزیری دەرەوەی میسر.. نامەیەکی لەسەرۆک سیسییەوە پێگەیشت

2020/03/08

‎سەرۆک کۆمار د.به‌رهه‌م ساڵح ئه‌مڕۆ یەکشه‌ممه‌ ٢٠٢٠/٣/٨ لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لەوەزیری دەرەوەی میسر، سامح شوکری، و نامەیەکی لەسەرۆک کۆماری میسر عەبدولفەتاح سیسییەوە گەیاندە سەرۆک کۆمار، کە تایبەت بوو بەپشکە ئاوییەکانی میسر لەبەنداوی نەهزەو پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پێشهاتەکانی ناوچەکە و جیهان لەچوارچێوەی هەماهەنگی و راوێژکردنی بەردەوامی نێوان هەردوو وڵاتی برا.

‎لە دیدارەکەدا، سەرۆک بەرهەم ئاماژەی بەگرنگی پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان عێراق و میسر و سورربوون لەسەر فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاری لەبوارە جیاوازەکان کردەوە، هەروەها جەختیشیکردەوە لەسەر پشتیوانی عێراق بۆ کۆماری میسری عەرەبی لەهەوڵەکانی بۆ پاراستنی پشکی ئاویی سەبارەت بەپرسی بەنداوی نەهزە لەسەر بنەمای یاسای نێودەوڵەتی و بەجۆرێک کەزیان بە بەرژەوەندییەکانی میسر و ئاسایشی ئاوی نەگەیەنێت.

هەر لەدیدارەکەدا، سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لەپێویستی هاریکاری هاوبەشی نێوان وڵاتانی برا و دۆست، لەبواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و وشککردنی سەرچاوەکانی کە دەبێتە هۆکاری بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتی لەناوچەکەدا.
 
‎شایانی باسە سەرۆک بەرهەم، لە رێگای وەزیری دەرەوەی میسرەوە ڕێز و سڵاوی خۆی ئاڕاستەی سەرۆک سیسی کرد و هیوای پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی بۆ گەلی میسر خواست.

‎لەلای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی میسر، رێز و سڵاوی سەرۆکی وڵاتەکەی گەیاندە سەرۆک بەرهەم کە تێیدا هیوای سەقامگیری و ئارامی بۆ گەلی عێراق خواست و دووپاتیشی لە پشتیوانیکردنی وڵاتەکەی بۆ عێراق کردەوە، هەروەها ئاماژەی بەخواستی راستەقینەی میسر لەبەردەوامی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و زیادکردنی قەبارەی هاریکاری و راوێژکردنی کردەوە بەجۆرێک کە خزمەتی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات.


Presedent

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڵبژاردە

رۆژمێری چالاکیەکان