سەرۆک کۆمار پێشوازیکرد لەئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران

2020/03/08


سەرۆک کۆمار د. به‌رهه‌م ساڵح ئێوارەی ئه‌مڕۆ یەکشه‌ممه‌ ٢٠٢٠/٣/٨ لە کۆشکی سەلام پێشوازیکرد لەئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران عەلی شەمخانی.

لەدیدارەکەدا، سەرۆک بەرهەم دووپاتیکردەوە لەگرنگی بەهێزکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و چۆنیەتی پەرەپێدانی هاریکاری نێوان هەردوو وڵاتی دۆست لەبوارە جیاجیاکاندا، بەجۆرێک کە لەبەرژەوەندی هەردوولادا بێت، هاوکات جەختیشیکردەوە لەپێویستی هەماهەنگی هاوبەش لەبواری بەگژداچونەوەی تیرۆر و توندوتیژی و پشتیوانیکردن لە هەوڵەکان بۆ ڕێزگرتن لەئارامی و سەروەری عێراق، ھەروەھا ئاماژەشی بە قوڵی پەیوەندییە مێژوییەکان و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان عێراق و ئێران کرد.

هەر لەدیدارەکەدا، سەرۆک بەرهەم ئاماژەیدا بە پێویستی چاودێریکردنی هەوڵەکانی هاریکاری هاوبەش لە پێناوی ڕێگرتن لەبڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرونا و پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی هاووڵاتیان. 

لەلای خۆیەوە شەمخانی، هەڵوێستی وڵاتەکەی لە پشتیوانیکردنی عێراق لە بوارە جیاجیاکاندا دووپاتکردەوە و پەرۆشی وڵاتەکەیشی لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و هاریکاری لەگشت بوارەکاندا دەربڕی.

لە کۆتایی دیدارەکەدا، باس لە دوا پێشهاتەکان کرا لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان، و ئاماژەیش بەپێویستی لەبەرچاوگرتنی دیالۆگی ڕاستەقینە کرایەوە بۆ کۆتایی پێهێنانی قەیرانەکان و دورخستنەوەی ئاڵۆزی لەپێناو بەرجەستەکردنی ئاسایش و ئاشتەوایی نێودەوڵەتی.
Presedent

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڵبژاردە

رۆژمێری چالاکیەکان