په‌یامی سه‌رۆك كۆماری عێراق بۆ یادی ئه‌نفال

2020/04/14


له‌یادی ٣٢ ساڵه‌ی تاوانی به‌دناوی ئه‌نفال سه‌رۆک به‌رهه‌م ساڵح په‌یامێکی هاوسۆزی له‌گه‌ڵ که‌سوکاری قوربانیانی شاڵاوه‌کانی ئه‌نفال بڵاوکرده‌وه‌، له‌و په‌یامه‌دا سه‌رۆک کۆماری عێراق ته‌ئکید ده‌کاته‌وه‌ که‌ سه‌رجه‌م گه‌لانی عێراق بێ جیاوازی بوونه‌ قوربانی سیاسه‌ته‌ تاوانكاریه‌كانی رژێمی به‌عسی له‌ناوچوو، بۆیه‌ ئه‌ركی حكومه‌تی عێراق و سه‌رجه‌م داموده‌زگا فەرمییەکانە كه‌ كار بكرێت بۆ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی كه‌سوكاریان.

سه‌رۆک کۆمار ته‌ئکید له‌ گواستنه‌وه‌ی روفاتی قوربانیان بۆ زێدی خۆیان ده‌کاته‌وه‌ سه‌ره‌ڕای گه‌شه‌پێدانی ناوچه‌كانیان له‌رووی خزمه‌تگوزاریه‌وه‌.

ده‌قی  په‌یامی سه‌رۆك كۆماری عێراق بۆ یادی ئه‌نفال:

٣٢ ساڵ به‌سه‌ر تاوانی ئه‌نفالی به‌دناودا تێده‌په‌ڕێت كه‌ رژێمی به‌عسی له‌ناوچوو بێ ره‌حمانه‌ دژی گه‌له‌كه‌مان ئه‌نجامی دا، به‌ڵام ئازار و سوێی ئه‌و تاوانه‌ نامرۆڤانه‌یه‌ هه‌رگیز نابڕێته‌وه‌، كه‌ له‌پاڵ تاوانه‌كانی تری ئه‌و رژێمه‌ دكتاتۆره‌ بووه‌ ناسنامه‌ی زوڵم و چه‌وساندنه‌وه‌و كۆمه‌ڵكوژی گه‌لی كوردستان و سه‌رجه‌م خەڵكی عێراق.

که‌ ئه‌و یاده‌ پڕ له‌ناسۆره‌ ده‌که‌ینه‌وه‌ به‌شێك له‌ ئه‌نجامده‌رانی كاره‌ساتی ئه‌نفال به‌سزای یاسایی خۆیان گه‌یشتن، به‌ڵام هێشتا كاری زۆرمان له‌پێشه‌ بۆ نه‌هێشتنی ئاسه‌واری ئه‌نفال و كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی دیکەی به‌عس، چونكه‌ وه‌ك ئاشكرایه‌ سه‌رجه‌م گه‌لانی عێراق بێ جیاوازی بوونه‌ قوربانی سیاسه‌ته‌ تاوانكاریه‌كانی ئه‌و رژێمه‌، بۆیه‌ ئه‌ركی هەموومانە لە حكومه‌تی عێراق و سه‌رجه‌م داموده‌زگا فەرمییەکانە‌ كه‌ كار بكرێت بۆ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی كه‌سوكاریان و ناسینه‌وه‌ی روفاته‌كان و گواستنه‌وه‌یان بۆ زێدی خۆیان و گه‌شه‌پێدانی ناوچه‌كانیان له‌رووی خزمه‌تگوزارییه‌وه‌، سه‌ره‌ڕای هه‌وڵدان بۆ ناساندنی وه‌كو تاوانێكی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی رێگه‌ له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی بگیرێت.

ئه‌م ساڵ به‌هۆی ته‌شه‌نه‌كردنی په‌تای كۆڤید ١٩ له‌سه‌ر ئاستی جیهان ده‌رفه‌ت نییه‌ وه‌ك پێویست یادی له‌ده‌ستچوونی ئه‌و ئازیزانه‌ بكرێته‌وه‌، به‌ڵام به‌دڵنیایه‌وه‌ یادو یاده‌وریان له‌ دڵی هه‌موو تاكێكی ئه‌م وڵاته‌ هه‌میشه‌ زیندوه‌.

د. به‌رهه‌م ساڵح
سه‌رۆك كۆماری عێراق
٢٠٢٠/٤/١٤
Presedent

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڵبژاردە

رۆژمێری چالاکیەکان