سه‌رۆك كۆمار بەمەبەستى چارەسەرى پرسى مووچە و پێکهێنانى حکومەت پێشوازی له‌ شاندی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مان ده‌كات

2020/04/28


د. به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عێراق، ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ ٢٠٢٠/٤/٢٨ پێشوازیکرد له‌ سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق و چه‌ند ئه‌ندامێكی دیكه‌ی لیژنه‌كه‌.

له‌و دیداره‌دا سه‌رۆك كۆمار جه‌ختى له‌وه‌ كردەوه‌ كه‌ پێویستە كۆششه‌كان بەو ئاراستەیەبن تاوه‌كو پەلە بکرێت لە دۆسیه‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت و پرۆسەى چاکسازى ریشەیى، چونکە بۆ ئەمڕۆمان چاكسازیی بوەتە پێویستییەکى گرنگ و حەیاتى. 

هەر لەو دیدارەدا باس لە لێکەوتەکانى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا کراو سەرۆک کۆمار باسى لەوە کرد تێپەراندنى ئەم قۆناغە پێویستى بەهەوڵ و تێکۆشانى هەموو دڵسۆزانەو، ده‌بێت هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ره‌نگارییان ببینه‌وه‌ و رێگە نەدەین کاریگەرى لەسەر قوت و بژێوی هاووڵاتییانی كه‌مده‌رامه‌ت هەبێت، بەپێچەوانەوە لە پرۆسەى چاکسازیدا ئەبێت باشکردنى ژیان و گوزەرانى ئەوان ئامانج بێت و ناشبێت به‌ هیچ پاساوێك رێگە بدرێت ده‌ست بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانبەران ببرێت و بەتایبەتیش توێژەكانی خوارەوە.

سه‌رۆك كۆمار لەهەمان دیداردا، باسی له‌وه‌ش كرد كه‌ زۆر گرنگه‌ پشتیوانی لە بەرهەمی خۆماڵی بكه‌ین و داهاتى نیشتمانى بۆ پشتیوانیكردن و باشکردنى بژێوى تێكڕایی هاوونیشتمانیان بێت و پەرە بە تواناى داهاتە نیشتمانییەکانى تر بدرێت تا بتوانرێت بەخۆبژێوی و پێشخستنى وڵات بەتەواوەتى دەستەبەر بکرێت.

بۆ پرسى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵ
سه‌باره‌ت به‌ پرسه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان حكومه‌تی فیدراڵی و هه‌رێمیش له‌ مه‌ڕ داهاته‌كان و  یاسای نه‌وت و گاز، سه‌رۆك كۆمار جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌  پێویسته‌ په‌نا به‌رینه‌ به‌ر ده‌ستوور و  پابه‌ندی یاسای بودجه‌ و به‌ركه‌وته‌كانی و به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانی بین، له‌ پێناو گه‌یشتن به‌ لێكتێگه‌یشتنی هاوبه‌شیش كه‌ مافی سه‌رجه‌م هاووڵاتیان ده‌پارێزێت، و گرنگە بە راشکاوانە پەنجە بخرێتە سەر برینەکان و چارەسەرى ریشەییان بۆ بدۆزرێتەوە.

بۆ پرسى مووچەى فەرمانبەرانیش
سەرۆک بەرھەم ئه‌وه‌ی روونكرده‌وه‌ كه‌ موچه‌ی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك سه‌رجه‌م هاووڵاتییانی دیکەی عێراق مافێكی ده‌ستوورییه‌ و نابێت به‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانی ده‌رهاویشته‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستی بۆ ببرێت، هەروەها جەختیکردەوە لەوەى پێویستە بەشێوەیەکى شەفافانە پرسى تەسوییەی دارایی بەڕێوەبچێ بەپێی دەستوور و یاسای بودجە، بەڵام نابێ ئەمە ببێتە مایە دواخستن یا بڕینی موچەی فەرمانبەران. 

سه‌رۆك كۆمار لەدیدارەکەدا ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد دۆخەکە قورسە و پێویستى بە ئیرادەى چارەسەرێکى دادپەروەرانەیە و پێویستیشە مووچەخۆران نەکرێنە قوربانى ناکۆکییە سیاسییەکان، دواتر سەرۆک کۆمار ئەوەشى خستە روو، کە ‌ دڵسۆزانی وڵات قبوڵی ئه‌وه‌ ناكه‌ن  هاووڵاتییان باجی ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كان بده‌ن.


Presedent

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڵبژاردە

رۆژمێری چالاکیەکان