سەرۆک کۆمار پێشوازی لە شاندێکی هەرێمی کوردستان کرد بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی

2020/04/30

سەرۆك كۆمار د. بەرھەم ساڵح، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢٠/٤/٣٠ لەكۆشكی سەلام لەبەغدا، پێشوازیکرد لەشاندی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم.

لەو دیدارەدا سەرۆك بەرھەم، وێڕای خۆشحاڵی بەدیداری شاندی ھەرێم، جەختی لەوە كردووە، پێویستە ئیدی ھەموو ھەوڵەكان بەئاقاری زوو چارەسەركردنی كێشە ھەڵپەسێردراوەكان بێت لە نێوان بەغدا و هەولێر و پەلەش بكرێت لەدۆزینەوەی چارەسەرێكی ڕیشەیی بۆ كێشەكان، ھاوکات باسی لەوەش كرد ناكرێت پرسی مووچە و بودجە و قوتی خەڵك تێكەڵ بەمیزاج ‌و وابەستەی ململانێی سیاسی بكرێت.

هەروەها سەرۆك بەرھەم جەختیكردەوە، پێویستە لەڕێگای دانوستاندنێكی جددی و یەكلاكەرەوە ھەرچی زووە لەسۆنگەی دەسپێشخەری و گیانی لەیەكتری تێگەیشتنی تەواو كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵی‌ و حكومەتی هەرێمی كوردستان لەژێر ڕۆشنایی دەستوور و یاسا بەركارە نیشتیمانییەكاندا یەكلایی بكرێتەوە، بەتایبەت كێشەی داهاتوو و یاسای نەوت و گاز، لەسەرووی ھەمووشیانەوە مووچە و قوتی خەڵك و فەرمانبەران.

 لەم پێناوەدا، سەرۆك بەرھەم، بەڕاشكاوی بەشاندی ھەرێمی كوردستانی راگەیاند، گرنگە ھەردوولا لەسۆنگەی پەرۆشی بۆ ماف و مووچە‌ و بژێوی و خزمەتكردنی شایستە بەھاوونیشتمانیان، پەنجە بخەنە سەر برینەكان و دوور لە بێنە و بەردەی سیاسی و ئیجتیھاداتی كەسی، ھەوڵبدەین چارەسەری ریشەیی ‌و دەستووریی بۆ كێشەكان بدۆزرێتەوە و فەرمانبەران و ھاوونیشتمانیان لەم دوو دڵی نەھامەتی و دڵەڕاوكێیە دەرباز بكرێن.

بۆ پرسی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ھەرێمی كوردستانیش سەرۆك بەرھەم رایگەیاند، ئێستا ئەو پرسە كێشەیەكی ھەنوكەیی دژوارە و پێویستی بەچارەسەری كردەیی دەست ‌و برد هەیە. 

لەم ڕووەشەوە سەرۆك بەرھەم بۆ شاندی ھەرێمی كوردستانی دووپاتكردەوە، گرنگ‌ و پێویستە بەشێوەیەكی شەفافانە پرسی تەسوییەی دارایی لە سەرانسەری عێراق بە ھەرێمی كوردستانیشەوە بەڕیوەبچێت، كە بەپێی دەستوور و یاسای بودجە ڕێوشوێن و میكانیزم و چوارچێوەی ماف و بەرپرسیارییەكانی بۆ دانراوە، ھاوکات ئەوەشی راگەیاند، مووچەی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان وەك سەرجەم هاووڵاتییانی دیکەی عێراق مافێكی دەستوورییە و نابێت بە هۆی سەرهەڵدانی جیاوازییەكان و ناكۆكی ‌و دەرھاویشتە‌ سیاسییەكانەوە و دەستی بۆ ببرێت، چونكە ئەوە مافێكی دەستووریی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستانە وەك سەرجەم فەرمانبەرانی عێراق.

سەرۆك كۆماری عێراق پشتیوانی خۆشی بۆ هەوڵی شاندەكەی هەرێم لەبەغدا و چارەسەری كێشەكان دووپاتكردەوەو باسی لەوەش كرد، دۆخی ئابووری جیھان و عێراق و ھەرێمیش گۆڕانكاریان بەسەردا دێت، ئەمەش وا دەخوازێت بەزوویی پێداچوونەوە بە دۆخی دارایی بكرێت‌ و هەوڵەكان بۆ چاكسازی لەسەرجەم سێكتەرە جیاوازەكان چڕ بكرێتەوە.

Presedent

هەڵبژاردە