سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە گرنگی دروستکردنی ھەمەھانگی لە نێوان ھێزەكانی حكومەتی فیدراڵ و پێشمەرگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش

2020/05/18

سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٠/٥/١٨ لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە شاندێکی باڵای پارێزگای دیالە، کە پێکھاتبوو لە پارێزگاری دیالە (موسەنا عەلی تەمیمی) و ژمارەیەک پەرلەمانتاری عێراق و کەسایەتی پارێزگای دیالە و سەبارەت بە دۆخی ئەمنی ناوچەکە و خانەقین و گوڵاڵە و مەترسییەکانی سەرھەڵدانەوەی تیرۆر و خزمەتگوزاری پارێزگاکە گفتوگۆکرا. 

لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە گرنگی دروستکردنی ھەمەھانگی نێوان ھەردوو حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئاسایکردنەوەی دۆخی ئەمنی ناوچەکە و رێککەوتن لەسەر پێکھێنانی ژووری ئۆپراسۆنە ھاوبەشەکان لە نێوان ھێزەکانی حکومەتی فیدراڵ و ھێزەکانی پێشمەرگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوی تیرۆرستی داعش. 

ھەر لە دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم دووپاتیکردەوە کە لەگەڵ ھەردوو وەزارەتی بەرگری و ناخۆیی عێراق قسەی کردووە تاوەکو ھەوڵەکانیان چر بکەنەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاکردنەوەی ناوچەکە لە پاشماوەکانی داعش و گەڕانەوەی ئارامی بۆ ئەو ناوچانەی کە بەم دواییانە داعش کاری تیرۆرستی تێدا ئەنجامداوە. 

سەرۆک کۆمار ئەوەشی راگەیاند کە گرنگە زوو بە زوو ھەموو ھەوڵەکان یەکبخرێت بە ئاڕاستەی کۆتایی ھێنان بە کێشەکان و خزمەتکردنی گشت ھاووڵاتیانی عێراق بێ جیاوازی. 

لەبارەی دۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاری پارێزگای دیالە، شاندی میوان بە تێرو تەسەلی باسیان لە کێشە و گرفتەکانی پارێزگاکە کرد و دووپاتیان کردەوە کە پێویستە پەلە بکرێت لە چارەسەرکردنی دۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاری و خزمەتکردنی خەڵکی ناوچەکە. 

لەکۆتایی دیدارەکەدا باس لە پێویستی جێبەجێکردنی رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کرا، بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و سەلامەتی ھاووڵاتییان.


Presedent

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڵبژاردە

رۆژمێری چالاکیەکان