سەرۆک کۆمار پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە‌ سەرۆکی ئێران پێگەیشت و بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان دووپاتکرایەوە

2020/05/18


سەرۆک کۆمار د. به‌رهه‌م ساڵح ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ٢٠٢٠/٥/١٨ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ‌سەرۆک کۆماری ئێران، حەسەن رۆحانی پێگەیشت.

لەمیانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، حەسەن رۆحانی سەرۆکی ئێران، پیرۆزبایی لە سەرۆک بەرھەم کرد، بەبۆنەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و نزیک بوونەوەی ھاتنی چەژنی رەمەزانی پیرۆز، و لەخودای گەورەش پاڕایەوە کە خێر و بەرەکەت برێژێت بەسەر گەلانی عێراقدا.

لەلای خۆیەوە سەرۆک کۆمار بەرھەم ساڵح، سوپاسی سەرۆکی ئێرانی کرد، بۆ ئەو هەنگاوە کە دەبێتە ھۆی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە نێوان ھەردوو وڵات، ھاوکات هیوای پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی بۆ گەلی ئێران خواست.

ھەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا حەسەن رۆحانی سەرۆکی ئێران، بەفەرمی بانگێشتی سەرۆک بەرهەمی کرد، تاوەکو سەردانی ئێران بکات، سەرۆک کۆماریش بەڵێنی دا کە لە کاتێکی گونجاودا سەردانی ئێران بکات. 

لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، باس لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و بەرەوپێشبردنی ئاسۆی هاریکاری هاوبەش کرا لە نێوان عێراق و ئێران، بەجۆرێک کەخزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەلی دۆست بکات، هەروەها ئاماژەکرا بە پاراستنی ئاسایش و سەروەری عێراق وەک گرنگییەک لە ناوچەکە و جیھاندا، چونکە سەقامگیری عێراق ئاسایش و سەلامەتی گەلانی ناوچەکە و جیھان بەهێز دەکات.

لە تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، ھەردوو سەرۆک ئاماژەیان دا بەگرنگی هەماهەنگی زیاتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، بۆ ئەو مەبەستەش جەختکرایەوە لە کاری هاوبەش بۆ ڕێگری لەبڵاوبوونەوەی پەتاکە، لە پێناو پاراستنی گیانی ھاووڵاتیانی هەردوو وڵات و مرۆڤایەتی بەگشتی.

لە کۆتایی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا باس لە دوا گۆرانکارییە سیاسییەکانی ناوچەکە کرا، و ھەردوو سەرۆک دووپاتیانکردەوە لەسەر پێویستی ھاریکاری ھاوبەش بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و ھێنانەدی ئارامی و ئاسایش بۆ گشت گەلانی ناوچەکە.
Presedent

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڵبژاردە

رۆژمێری چالاکیەکان