سەرۆک کۆمار بەشداریکرد لە کۆبوونەوەیەکی باڵا سەبارەت بە دابینکردنی بودجە بۆ بەگژاچوونەوەی پەتای کۆرۆنا

2020/05/28

 
‏‎سەرۆک کۆمار د. بەرهەم ساڵح ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢٠/٥/٢٨ بەشداریکرد لە کۆبوونەوەی باڵا سەبارەت بەدابینکردنی بودجە بۆ بەگژاچوونەوەی پەتای کۆرۆنا، لەسەر بانگهێشتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان و سەرۆک وەزیرانی کەنەدا و جامایکا.
 
‏‎سەرۆک کۆمار لە وتەکەیدا کە لەرێگەی کۆڕبەندێکی تەلەفیزیۆنییەوە پێشکەشیکرد رایگەیاند، گۆڕینەوەی بیروڕاو دۆزینەوەی چارەسەر بۆ پەرەپێدانی بەردەوام لەسەردەمی ڤایرۆسی کۆرۆنادا ئەرکێکی گرنگ و هەنوکەییە بۆ جیهان.
 
لە میانی ئەو کۆڕبەندەدا کە هەر یەک لە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا و ئەنجێلا مێرکڵ راوێژکاری ئەڵمانیا و جوزیبی کۆنتی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا و دەیڤد مالباس سەرۆکی بانکی نێودەوڵەتی و ژمارەیەکی دیکە لە سەرکردەی وڵاتانی جیهان بەشداربوون، سەرۆک کۆمار ئاماژەیکرد بۆ ئەوەی ئەو ئاڵنگارییانەی کە وەک کۆمەڵگای نێودەوڵەتی رووبەڕووی دەبینەوە ئاڵنگارییەکی گەورە و کتوپڕن، بەڵام دەکرێت ئەم ئاڵنگاریانە کەم بکرێنەوە بەو هەوڵە یەکگرتوو و زۆرەی کە داومانە کە بەشێک پێیان وایە ئەمە بابەتێکی ناوخۆییە و لێگەڕێن هەر دەوڵەتێک چارەسەری کێشەی خۆی بکات سەرەڕای ئەوەی کە کاریگەری ڤایرۆسەکە ناخۆییە، بەڵام قەیرانەکە قەیرانێکی جیهانییە، بۆیە پێویستی بە کاردانەوەی نێودەوڵەتی هەیە.
 
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەشدا: ئێمە دەزانین کە ئەو رێگایە لە پێشمانە دور و سەختە، بەڵام هیچ بژاردەیەکی دیکە جگە لە زاڵبوون و سەرکەوتن لە بەردەممان نییە، بۆیە پێویستە بەو پەڕی گرنگی و تواناوە ئەو دەرەنجامانە بەدیبهێنین و ئەگەر واشنەکەین ئەوا لە بەردەم گەلەکەمان و بە تایبەتیش لاوەکانمان شەرمەزار دەبین.
 
ئەمەش دەقی وتەکەی سەرۆک کۆمارە:
 
خوشک و برایانی ئازیز
 
بەڕێزان...
 
ئەمەوێت سوپاسگوزاری ستایشی قوڵی خۆم بگەیەنم بە سەرۆک وەزیرانی کەنەداو جامایکاو سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕێکخستنی ئەم کۆبوونەوە گرنگە.
 
گۆرینەوەی بیروڕاو دۆزینەوەی چارەسەر بۆ پەرەپێدانی بەردەوام لەسەردەمی ڤایرۆسی کۆرۆنادا ئەرکێکی گرنگ و هەنوکەییە بۆ جیهان لە کاتێکدا کە رووبەڕووی ئەم پەتاو بەڵایە دەبێتەوەو ئاستەنگی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە دوای خۆی جێ دەهێڵێت، ئەو ئاڵنگارییانەی کە وەک کۆمەڵگای نێودەوڵەتی رووبەڕووی دەبینەوە ئاڵنگارییەکی گەورەو کتوپڕن بە تایبەت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی تازە گەشەسەندوو کە کاریگەرییەکانی ڤایرۆسەکە چاوەڕوان دەکرێت بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ تر بەردەوام بێت و زەرەر و زیانی زیاتری لێبکەوێتەوە چونکە کاریگەریەکانی ژێرخانی تەندروستی دەخاتە بەر ئەرکێکی قورس.
 
بەڵام دەکرێت ئەم ئاڵنگاریانە کەم بکرێنەوە بەو هەوڵە یەکگرتوو و زۆرەی کە داومانە کە بەشێک پێیان وایە ئەمە بابەتێکی ناوخۆییەو لێگەڕێن هەر دەوڵەتێک چارەسەری کێشەی خۆی بکات سەرەڕای ئەوەی کە کاریگەری ڤایرۆسەکە ناخۆییە، بەڵام قەیرانەکە جیهانییە بۆیە پێویستی بە کاردانەوەی نێودەوڵەتی هەیە، ئێمە پێویستمانە کۆدەنگ بین لە پابەندبوونمان لە بەگژداچوونەوەی COVID-19 بە دۆزینەوەی ڤاکسین بۆ ئەو پەتایە و چاککردنەوەی باری ئابووریمان هەنگاو بە هەنگاو، ھاوکات ئەو بابەتانەی کە باس دەکرێن لەم کۆڕبەندەدا بابەتی جەوهەرین بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجانە.
 
وڵاتەکەی ئێمە لە هەوڵدایە بە بەردەوامی شانبەشانی دەوڵەتانی دیکە لە تەواوی جیهان بە مەبەستی کێشانی کاروانی دەربازبوون لەم قەیرانەی ئێستا، ئەو ڕێوشوێنانەی کە گرتوومانەتە بەر بۆ سنوردارکردنی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چوارچێوەی سنورەکانمان ئەگەر بەروارد بکرێت پرۆسەکە بە شێوەیەکی رێژەیی تا ئێستا سەرکەوتوو بووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هەستمان بە کاریگەری زۆر کردووە کە ئەم پەتایە لەسەر ئابووری دروستیکردووە و داواکارییەکان بۆ لێکدورخستنەوەی کۆمەڵایەتی بووە مایەی ئەوەی کە بەشێکی زۆر لە کەرتەکانی ئابووری بوەستێنێت، ھەروەھا بە گوێرەی هەڵسەنگاندنەکانی بانکی نێودەوڵەتی ژمارەی عێراقییەکان ئەوانەی لە ژێر هێڵی هەژاریەوەن کەمترە لە 20% لە ساڵی 2019 دا و وە بەرز بووەتەوە بۆ ٪40 لە ئێستادا، بۆیە عێراق ڕووبەڕووی چەند ئاستەنگێک بووەتەوە، کەمبوونەوەی داواکاری ناوخۆیی بەهۆی ئەو ئاستەنگانەی سەپێنراون بۆ بەرەنگاربوونەوەی COVID-19، دابەزینی بێسنووری نرخی نەوت لە مانگی ئازارەوە، هەروەها دابەزینی تەواو لە بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق کە بە رێژەی 23% کەمیکردووە وەک بەشێک لە رێککەوتننامەی ئۆپێک لە مانگی نیساندا.
 
بۆیە پشتبەستنمان بە داهاتەکانی نەوت ئەوە دەگەیەنێت کە سەرچاوەی داهات و بودجەکەمان بە رێژەی 70% کەمیکردووە ئەگەر بەروارد بکرێت بە ئاستی پێش قەیرانەکە، بەو پێیە دەمانەوێ کە رێوشوێنی بەپەلە بگرینە بەر بۆ چارەسکردنی ئەو دۆخە، ھاوکات پێویستە وەک دەرئەنجامێکی دیار کە خەرجییەکان کەمبکەینەوە و بە ئەگەری زۆرەوە لەمساڵدا کورتهێنانی بودجە دروست دەبێت، بۆیە بە راکێشانی پاشکەوت و زیادکردنی قەرز چاوەڕوان دەکرێت ئابووریەکەمان بە نزیکەی 10% بۆ 2020 کورتبهێنێ و چاوەڕوانیش دەکرێت لە ساڵی 2021 دا تا ڕادەیەک بگەڕێتەوە باری ئاسایی.
 
ئەم دۆخە هەمووی لە کاتێکدایە کە عێراق بە دۆخێکی هەستیاردا تێئەپەڕێت، عێراق تائێستا بە دۆخی راگوزەردا تێدەپەڕێت، توانیومانە بەسەر شەڕی ناوخۆ و توند و تیژی و تیرۆر زاڵ بین بە تایبەتیش بەسەر هەڕەشەی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی، بەڵام تا ئێستاش هەوڵەکان بۆ دووبارە بونیادنانەوە بەردەوامە.
 
خۆپیشاندانە میللییەکان لە بەھار و زستانی رابردوودا و ئەو هەموو قوربانییە زۆرە کە لێیکەوتەوە کارەساتباربوو، بیرهێنانەوەیەکی گەورەبوو کە دان بەخۆدا گرتنی گەلی عێراق سنووردارە.
 
خەڵک ئامادەیە قوربانی بدات بە ژیانی خۆی لەپێناو بەدیهێنانی داهاتوویەکی خۆشگوزەران و باشتر، بۆیە ئەرکی ئێمە وەک سەرکردایەتی کورت دەکەینەوە لە بەدیهێنانی داواکاریەکانیان کە ئەمەش ئەرکێکی ئاسان نییە، وەک لێکدانەوەیەکی گشتی نزیکەی ساڵانە 350000 کەس دەچنە ناو تەمەنی کارکردنەوە زۆرینەشیان بەدەس دۆزینەوەی کارێکەوە دەناڵێنن، هەوڵ دەدەن حکومەت بەشێکیان دابمەزرێنێت بەڵام بەهۆی کێشەی داراییەوە کە بۆ ماوەیەکی دوور و درێژە عێراق گیرۆدەی بووە دامەزراندن بووە بە ئەرکێکی ئەستەم.
 
بەدیهێنانی داهاتوویەکی خۆشگوزەرانترو چارەسەرکردنی کەموکوڕی ئابووری عێراق بەڵێنێکە کە حکومەتی نوێ لە بەرنامەی نوێی حکومی سەرۆک وەزیرانی نوێ موستەفا کازمی داویەتی و پابەندبووە بە دەستکردن بە پرۆسەی چاکسازی پێکهاتەی عێراق، ئەویش لە رێگەی پتەوکردنی رۆڵی کەرتی تایبەت و زاڵبوون بەسەر گەندەڵی و بەهێزکردنی سەروەری یاسا و پتەوکردنی دامەزراوەکانمان لە رێگەی گێڕانەوەی پێکهاتەی دامەزراوەیی و چالاککردنەوەی کەرتی گشتیمان و بەکارهێنانی سەرچاوە سروشتییەکانمان بە شێوەیەکی زۆر بەرهەمدار تر.
 
ئێمە دەزانین کە ئەو رێگایە لە پێشمانە دورو سەختە، بەڵام هیچ بژاردەیەکی تر جگە لە زاڵبوون و سەرکەوتن لە بەردەممان نییە، بۆیە پێویستە بەوپەڕی گرنگی و تواناوە ئەو دەرئەنجامانە بەدیبهێنین و ئەگەر واشنەکەین ئەوا گەلەکەمان بە تایبەتیش لاوەکانمان بێ ھیوا دەکەین.
 
ناتوانین ئومێدی سەرکەوتن بخوازین بەبێ هەماهەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەبێ ئەوەی دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان و وڵاتانی هاوبەش لەگەڵمان نەبن، قەیرانی دارایی و قەیرانی نەختینە کە رووبەڕووی دەبینەوە ئاستەنگێکی دروستکردووە لە بەدیهێنانی دابینکردنی دارایی بنەڕەتی و پابەندبوون و قەرزەکانمان، هیوادارین کە کۆمەڵی نێودەوڵەتی پشتیوانی ئەم هەوڵە بکات، کە ببێتە مایەی یارمەتیدانمان لە دووبارە ڕێکخستنەوەی ئابووری و یارمەتیدانمان لە بەدیهێنانی بودجەی وەبەرهێنان کە هەوڵێکی گرنگە بۆ بونیادنانی ژێرخانی ئابووری و پارێزگاریکردن لە خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و دروستکردنی هەلی کار.
 
بۆ وڵاتانی تازە گەشەسەندووی وەکو عێراق کە رووبەڕووی ئاڵنگاری دەبێتەوە توانای بەکارهێنانی هۆکاری خێرا یارمەتیمان دەدات لە زامنکردنی سیولەی ناوخۆی و تواناش ئەدات بە کەرتی تایبەت قەرز بەدەست بێنێت بەمەش راستەوخۆ کەموکوڕی قەرز بەشێوەیەکی راستەوخۆ کەم ئەکاتەوە لەسەر دەوڵەت کە ئەمانە هۆکاری گرنگن کە ئەم زامنکردنەمان ویست بەبێ کاریگەری قەیرانی ئێستا سنووردارکردنی تواناکانمان لە کاراکردنی چاکسازی داواکراو بە شێوەیەکی گرنگ لە مەودایەکی دوور، پێویستمان بە میکانیزمی راگوزەر هەیە بۆ ئەوەی بتوانین بە زووی بیخەینە گەڕ بۆ سیاسەتەکانی پارێزگاریکردنی دارایی و تاوەکو دەربازمان بکات لە بازنەیەکی داخراو بۆ ئەوەی بتوانین جێگیری کاروباری دارایی و ئابووری بەدەست بهێنین و بتوانین رووبەڕووی کاریگەرییەکانی COVID-19 ببینەوە. دواتریش بتوانین وەک سەکۆیەک بەکاری بهێنین بۆ ئەوەی بژاردەی خەرجی زیرەک لە داهاتوودا بخەینە گەڕ کە ببێتە مایەی گەشەپێدانی ئابووری، بەردەوام بوون و توانای رووبەڕووبوونەوە کاریگەری گرنگ و سەرەکین بۆ بونیادنانی داهاتووییەکی باشتر کە زامنی پەرەپێدانی ئابووری بکەین.

سەركەوتنی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و یارمەتیدانی عێراق بۆ چەسپاندی سەقامگیری ئەركێكی هەنوكەیی و گرنگە لە ناوچەكەدا، كاری زۆرمان كرد لە پێناو سەقامگیری عێراق و زاڵبون بەسەر ئاستەنگەكان لە رابردوودا.

لەگەڵ هاتنی پەتای كۆرۆنا ئاستەنگەكان زۆرتر و قورستر و بە ئازارتر بوون، بۆیە من دڵنیام كە زۆرێك لە وڵاتان هەست بەهەمان ئاستەنگ و ئاڵنگاری دەكەن بەڵام هیچ بژاردەیەكمان نییە جگە لە كاری پێكەوەیی لە سەر ئاستی جیهان بۆ بونیادنانێکی باشتر.

هیوا خوازم كە ئەم قەیرانە بگۆڕێن بە دەرفەتێك بۆ بونیادنانێكی باشتر و هەماهەنگی ئابووری جیهانی بەهێزتر.

سوپاستان دەكەم

بەرهەم ساڵح
سەرۆك كۆمار


Presedent

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڵبژاردە

رۆژمێری چالاکیەکان