لەمیانی پێشوازیكردنی لە وەزیری تەندروستی و ژینگە و ژمارەیەك لە كادرانی تەندروستی... سەرۆك كۆمار: رەسەنایەتی خۆتان بۆ نیشتمان و هەستی مرۆڤایەتی نیشاندا

2020/06/10

سەرۆك كۆمار د. بەرهەم ساڵح، ئەمڕۆ چوار شەممە ٢٠٢٠/٦/١٠ لە كۆشكی بەغداد پێشوازیکرد لە حەسەن محەمەد تەمیمی وەزیری تەندروستی و ژینگە و د. مستەفا ھەیتی سەرۆکی سندوقی بونیادنانەوەی ناوچە زیان لێکەوتووەکان و ژمارەیەك لە سەرۆکی سەندیکا پیشەییەکان و کادرانی تەندروستی. 

لە پەیامێکدا سەرۆک کۆمار رایگەیاند: ئێمە لێرەین، بۆ ئەوەى دووپاتى سوپاس و پێزانینى خۆمان بکەینەوە بۆ كادیرە ماندونەناسەكانی کەرتى تەندروستی؛ لە خاوەن پیشە پزیشكی و پەرستارییەكان و کارمەندانى دیکەی وەزارەتى تەندروستی، ئەوانەى لەم دۆخە پڕ مەترسى و ئالۆزەدا سەرقاڵى پێشکەشکردنى خزمەتگوزارییەکانن بۆ هاووڵاتیان، هەوڵ و قوربانیدان و ئازایەتیان جێگەى شانازى و پێزانینى گەلەکەتانە. 

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا سەرۆک کۆمار رایگەیاند: گەلەکەمان لە توانایدایە ئەو تەنگەژە مەترسیدارە تێدەپەڕێنێ، دەتوانێ رێز لە کۆششە سەرکەوتوەکانتان بگرێ، ئەمەش بەوەى چ بە تاک چ بە کۆمەڵ کارى خۆپارێزى بکات، لەوەى بەتەواوی پابەندی رێ و شوێنى خۆپارێزى کەسى لە پەتاکە و پاراستنى کۆمەڵگەدا بین.

لە درێژەی پەیامەکەیدا سەرۆک بەرھەم وتی: هەموومان مەترسیدارى دۆخەکە هەست پێدەکەین کە گەیشتووەتە رادەیەک ئەوە بەسەر هەموواندا دەسەپێنێ لە هاووڵاتى و دامەزراوە و دەوڵەت کە تا ئەو پەڕى ڕادە سووربن لەسەر دەستگرتن بە ژیانەوە، هەموومان داواى ئەوەمان لێدەکرێ پارێزگارى لە ژیانى خۆمان و ئەوانى دیکەش بکەین. 

لە کۆتایی پەیامەکەدا سەرۆک کۆمار ئەوەی روونکردەوە، لەکاتێکدا سڵاو و پێزانینى خۆم ئاڕاستەى دەزگاى تەندروستى نیشتمانی دەکەم، لە هەمان کاتیشدا دەستخۆشى لە سەرجەم کارمەندانى دامەزراوە ئەمنى و سەربازى و خزمەتگوزارییەکان دەکەم بۆ ئەو رۆڵەى لەم دۆخەدا دەیگێڕن کە پێویستى ئەوەمان دەخاتە سەر شان هەموومان هاریکارى یەکتر بین.

ئەمەش دەقی وتەی سەرۆک کۆمار:

بەناوی خودای گەورە و مھرەبان

ئێمە لێرەین، بۆ ئەوەى دووپاتى سوپاس و پێزانینى خۆمان بکەینەوە بۆ كادیرە ماندونەناسەكانی کەرتى تەندروستی، لە خاوەن پیشە پزیشكی و پەرستارییەكان و کارمەندانى دیکەی وەزارەتى تەندروستی، ئەوانەى لەم دۆخە پڕ مەترسى و ئالۆزەدا سەرقاڵى پێشکەشکردنى خزمەتگوزارییەکانن بۆ هاووڵاتیان، هەوڵ و قوربانیدان و ئازایەتیان جێگەى شانازى و پێزانینى گەلەکەتانە. 

بە شانازیەکى لە ڕادەبەدەرەوە، ئاگام لە سوپاى سپیە لە نەخۆشخانەکان، کە کات و هەوڵى خۆیان تەرخانکردووە بۆ چاودێرىکردنى نەخۆشەکان، مێژوو ئەم چیرۆکانە بۆ خۆیان و خێزانە بەخشندەکانیان تۆمار دەکات، گەلیش لە قوڵایى ویژدانیدا هەڵى دەکۆڵێ و دەیانپارێزێت.

بەهەستێکى پر لە پێزانین و سوپاسێکى زۆرەوە، ئەم هەڵوێستە شەرەفمەندانەیە بەرز دەنرخێنم، سەرى رێزو نەوازیش دادەنوێنم بۆ قوربانییەکان، ئەوانەى بەهۆى ئەم پەتایەوە توشى نەخۆشى بوون لە پزیشکان و پیشەییەکان و کارگێڕان لە ژنان و پیاوان کە شەو و رۆژ دەخەنە سەر یەکترى لە پێناو سەلامەتى و چاکبوونەوەى بەرکەوتووەکان.

دیارە لەم جۆرە دۆخانەدا سروشتى راستەقینەى گەلان بە دەردەکەوێت، بە پیاو و ژنەوە، هەر بەراستیش سروشتى رەسەنێتى نیشتمانى عێراقیتان و هەستى مرۆییتان بە بەرزترین شێوە نیشاندا، و بە دڵناییشەوە گەلەکەتان ئەم هەڵوێستانە لە یاد ناکات.

ئێمە لێرەوە گوزارشت لە رێزو ستایشى خۆمان دەکەین، و بەهەمان شێوە دووپاتیدەکەینەوە هەموو شتێکمان کردوە کە پێویست بووە ئەنجامى بدەین و بیخەینە بەردەست بۆ زامنکردن و هاوکاریکردنى هەوڵە پزیشکى و تەندروستییە  نیشتمانیەکانتان.

گەلەکەمان لە توانایدایە ئەو تەنگەژە مەترسیدارە تێدپەڕێنێ، دەتوانێ رێز لە کۆششە سەرکەوتوەکانتان بگرێ، ئەمەش بەوەى چ بە تاک چ بە کۆمەڵ کارى خۆپارێزى بکات، لەوەى زۆر بە توندى پابەند بێت بە رێ و شوێنى خۆپارێزى کەسى لە پەتاکە و پاراستنى کۆمەڵگەدا.

کۆمەڵگە بە هەموو چین و توێژەکانییەوە زۆرى لە پێشە کە پێشکەشى هاووڵاتییانى بکات بۆ سنوردارکردنى پەتاکە و بەرگرتن لە تەشەنەکردنى و دواتریش لە ناوبردنى.

ئەو بانگەوازەى نوسینگەى سەماحەتى عەلى سیستانى مرجعى باڵا ئاراستەى کۆمەلگاى کردووە بۆ کارکردن بە دڵسۆزى لە پابەندبوون بە راسپاردە تەندروستییەکان، بانگەوازێکى گرنگە و برەو بەو کارە دڵسۆزانە دەدات کە دامەزراوە تەندروستى و کادیرە پزیشکى و پەرستارى و تەندروستى و کارگێڕى و خزمەتگوزارە ئازاکان پێشکەشى دەکەن.

گرنگى ئەو بانگەوازە لە ئان و ساتێکدایە کە ژمارەى بەرکەوتووان لە هەڵکشاندان و ژمارەى تووشبووانیش بەرەو سەرن لە دەرەنجامى بوونى پەتاکەوە، بۆیە هاووڵاتى بە تاک و کۆمەڵگەش بە گشتى دەتوانن لە زیانەکانى ئەم پەتایە کەم بکەنەوە و بگرە بە یەکجاریش بیوەستێنن، ئەمەش لە رێگەى پابەندبوونى توندمان بە رێنماییە خۆپارێزیەکانەوە کە ئێستا بوونەتە رێنماییەکى جیهانى نەوەک تەنها رێنماییەکانى خۆجێی بن، لەوانەش پارێزگاریکردن لە مەودایەکى تەندروستى لێکدوورکەوتنەوەى کۆمەڵایەتى، سووربوونى توندمان لەسەر پاک و خاوێنێ، پابەندبوون بە پۆشینى دەمامک و دەستکێش، پەیوەندیکردنى خێرا بە نەخۆشخانەکان لە حاڵەتى بوونى هەر گومانێک لەبەرکەوتن، خۆبەدوورگرتن لە کۆبوونەوە و گردبوونەوەکان.

هەموومان مەترسیدارى دۆخەکە هەست پێدەکەین کە گەیشتۆتە رادەیەک ئەوە بەسەر هەموواندا دەسەپێنێ لە هاووڵاتى و دامەزراوە و دەوڵەت کە تا ئەو پەڕى ڕادە سووربن لەسەر دەستگرتن بە ژیانەوە، هەموومان داواى ئەوەمان لێدەکرێ پارێزگارى لە ژیانى خۆمان و ئەوانى دیکەش بکەین. 

با هەموومان دەستبار بۆ یەکترى بگرین، هاریکارى یەکتر بین، پەرۆشى ساغ و سەلامەتى کۆمەلگە و مرۆڤایەتیمان بێت. 

لەکاتێکدا سڵاو و پێزانینى خۆم ئاراستەى دەزگاى تەندروستى نیشتمانیمان دەکەم، لە هەمان کاتیشدا دەستخۆشى لە سەرجەم کارمەندانى دامەزراوە ئەمنى و سەربازى و خزمەتگوزارییەکان دەکەم بۆ ئەو رۆڵەى لەو دۆخە بەدەرەدا دەیگێڕن کە پێویستى ئەوەمان دەخاتە سەر شان هەموومان هاریکارى یەکتر بین.

خوا پارێزەرى هەموو لایەکتان بێت،
پەروەردگار عێراق و گەلی عێراقی شکۆمەند و سەربەرزفراز بکات.

بەرھەم ساڵح 
سەرۆک کۆمار


Presedent

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڵبژاردە

رۆژمێری چالاکیەکان