لەمیانی پێشوازیكردنی لە سەرۆکی ئەوقافە ئاینییەكاندا... سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە لەگرنگی یەكخستنی وتاری ئاینی بۆ بەگژاچوونەوەی توندوتیژی و توندڕەوی

2020/06/25


سەرۆك كۆمار د. بەرهەم ساڵح، لە كۆشكی سەلام ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٠٢٠/٦/٢٥ پێشوازیكرد لە هەر یەك لە د. غەنی زغەیر عەتییە سەرۆكی دیوانی وەقفی شیعی و د. سەعد حەمید كمبش سەرۆكی دیوانی وەقفی سونی و ئەندازیار رەعد كجە جی سەرۆکی دیوانی وەقفی مەسیحی.

لە دیدارەکەدا سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە لەگرنگی یەكخستنی وتاری ئاینی و پتەوكردنی یەكڕیزی نێوان پێكهاتەكانی گەلی عێراق بۆ بەگژاچوونەوەی توندوتیژی و توندڕەوی، ھاوکات ئاماژەیكرد بەوەی فرەیی لە پێكهاتەی كۆمەڵگەی عێراقی یەكێكە لە بنەما بەهێز و كاراكان بۆ بەھێزکردنی كۆڵەكەی كۆمەڵ و چەسپاندنی ئاشتی كۆمەڵایەتی لە رێگەی بڵاوكردنەوەی كەلتوری لێبوردەیی لە وڵاتدا.

لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆك كۆمار، رۆڵی پیاوانی ئاینی بەرزنرخاند لە بڵاوكردنەوەی لێكگەیشتن و بنەما ئاینییەکان و چەسپاندنی یەكڕیزی نیشتمانی و رێگری لە بڵاوکردنەوەی بیری توندڕەوی كە گروپی تیرۆرستی داعش مەرامێتی بڵاوی بکاتەوە.

لەلای خۆیانەوە، سەرۆکی ئەوقافە ئاینییەكان جەختیانكردەوە كە هەوڵەكانیان بەردەوام دەبێت لە پێناو پتەوكردنی رایەڵەی پەیوەندییەكان لە نێوان گەلی عێراق لە تەواوی پێكهاتە و نەتەوە جیاجیاکان، ھەروەھا بڵاوكردنەوەی خۆشەویستی و برایەتی لە نێوان پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی عێراق دا.


Presedent

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڵبژاردە

رۆژمێری چالاکیەکان