سەرۆك كۆمار پێشوازی دەكات لە وەزیری دەرەوەی ئێران و جەختدەكاتەوە لەوەی کە ناوچەکە پێویستی بە لێکگەیشتنی هاوبەشە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ریشەییە بۆ قەیرانەکان و چەسپاندنی ئاسایش لە ناوچەکەدا

2020/07/19


سەرۆك كۆمار د. بەرهەم ساڵح، ئەمرۆ یەكشەممە ٢٠٢٠/٧/١٩ لە كۆشكی بەغداد پێشوازیكرد لە محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران و شاندی هاوڕێی.

لەو دیدارەدا سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە لەگرنگی پەیوەندنی مێژوویی قوڵ و دێرینی نێوان عێراق و كۆماری ئیسلامی ئێران و پێویستی فراوانكردنی ئاسۆی هاریكارییە دوو قۆڵییەكانی هەردوو وڵات لە زۆربەی بوارەكاندا، ھەروەھا مکوڕی عێراق دووپاتکردەوە تاوەکو ببێتە ئامرازی ئارامی و ناوەندێك بۆ بەیەكگەیشتنی بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی گەلان و وڵاتانی ناوچەكە، بەجۆرێک ببێتەمایەی چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایشی لەناوچەکەدا.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆك بەرھەم ئاماژەی بۆ ئەوی کرد کە ناوچەكە پێویستی بە بونیادنانی پەیوەندی هاوسەنگ و هەماهەنگی و لێکگەیشتنی هاوبەش و تێڕوانینێكی روون و ئاشكرایە بۆ گەیشتن بە چارەسەری ریشەییە بۆ قەیران و ئاڵۆزییەكان پشت بەستن بە دیالۆگی بونیادنەرانە و راشكاوانە لە نێوان تەواوی لایەنە نێودەوڵەتییەكان.

ھەر لە دیدارەکەدا سەرۆك کۆمار جەختیكردەوە لەوەی عێراق گرنگی دەدات بە پارێزگاریكردن لە سەروەری و ئاسایش و سەقامگیری خاکەکەی، ھاوکات هەماهەنگی دەکات لەگەڵ هاوپەیمان و دۆستەكانی لە چوارچێوەی رێزگرتنی هاوبەش و رێگرتن لە دەستخستنە نێو كاروباری ناوخۆ یەکدی، ھەروەھا ستایشی هەڵوێستی كۆماری ئیسلامی ئێرانیشی كرد بۆ ئەو پشتیوانییە بەردەوامەی لە عێراقی كردووە، بەتایبەتی لە جەنگی دژ بە تیرۆر و گروپی تیرۆریستی داعش.

لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆك بەرھەم سڵاو ستایشی خۆی لە رێگەی وەزیری دەرەوەی ئێران نارد بۆ د. حەسەن روحانی سەرۆک کۆماری ئێران و هیوایشی خواست گەلی ئێران ھەمیشە لە پێشكەوتن و خۆشگوزاری و ئارامیدا بێت‌.

ھەروەھا جەواد زەریف سڵاو و ستایشی حەسەن روحانی و سەرکردایەتی ئێرانی گەیاندە سەرۆک بەرھەم و ھیوای خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنییان بۆ گەلی عێراق خواستووە.

لەلای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئێران ویستی وڵاتەكەی نیشاندا بۆ فراوانكردنی ئاسۆی هاریكار و هەماهەنگییە دووقۆڵییەكان و پشتیوانی عێراقیش کرد لەگشت ئاستەكان، ھاوکات ئاماژەشیكرد بۆ گرنگی پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتانی ناوچەكە لە پێناو پشتیوانیكردن و درێژەدان بە بەگژاچونەوەی تیرۆر.

لە کۆتایی دیدارەکەدا دواین گۆرانكارییە سیاسییەكان لە سەر ھەردوو ئاستی ناوچەکە و نێودەوڵەتی و چۆنیەتی بەھێزکردنی دەرفەتی ئاشتی و سەقامگیری گفتوگۆی لەبارەوەكرا.


Presedent

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڵبژاردە

رۆژمێری چالاکیەکان