هەر سێ‌ سەرۆكایەتی عێراق کۆبوونەوە بۆ تاوتوێكردنی كۆی بارودۆخی وڵات

2020/07/19


ئەمڕۆ یەكشەممە ٢٠٢٠/٧/١٩ لە كۆشكی بەغداد بەڕێزان سەرۆك كۆمار د.بەرهەم ساڵح، سەرۆك وەزیران مستەفا كازمی و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران محەممەد حەلبوسی كۆبوونەوە.

لەو كۆبوونەوە سێ‌ قۆڵییەدا دواین دەرئەنجامەكانی دۆخی تەندروستی لەبەر رۆشنایی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا و تەواوی پێشهاتەكانی دۆخی سیاسی و ئابووری و ئەمنی لە وڵات تاوتوێ‌ كرا.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا جەختکرایەوە لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی لایەنە تەندروستییەكان بۆ دابینكردنی پێداویستی چارەسەر و پشكنینەكان و پەرەپێدانی توانای پێویست بۆ نەخۆشخانە و ئەو شوێنانەی كە دابڕینی تەندروستییان بۆ كراوە، بەجۆرێک ببێتەمایەی بەرەو پێشبردن و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و چارەسەری باشتر بۆ هاووڵاتیان.

لەو چوارچێوەدا كۆبوونەوە ستایش و پێزانینی زۆری خۆی نیشاندا بۆ قوربانیدانی مرۆڤانە و نیشتمانی كە پێشكەش كراوە لەلایەن كارمەندانی پزیشكی و پەرستاری و تەواوی ئەو فەرمانبەرانەی كە لە بواری پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری چارەسەری و خۆپارێزی كار دەكەن، هەروەك كۆبوونەوە جەختیكردەوە لەگرنگی ئەركی بەرپرسیارانە كە هاوونیشتمانیان و خێزانی عێراقی بیگرنە ئەستۆ لە رێگەی پابەندبوون بە تەواوی رێكارە تەندروستی و خۆپارێزییەكان كە ببێتە مایەی یارمەتیدانی دروستبوونی رایەڵەیەكی تەندروستی باش لە نێوان هاووڵاتیان و لایەنە تەندروستییەکان.

لە بەشێكی دیکەی كۆبوونەوەكەدا چەندین رێگەچارەی گونجاو گفتوگۆی لەبارەوە كرا لە پێناو تێپەراندنی دەرهاویشتەكانی دۆخی ئێستای دارایی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان، بەتایبەت توێژی كۆمەڵایەتی كە خاوەن داهات و توانای سنوردارن، هەروەها كاری زیاتر بكرێت بۆ زامنكردنی خزمەتگوزاری بە تایبەتیش لە بواری تەندروستی و درێژەدان بە كاروانی ژیاری و بازاڕ.

كۆبوونەوە ستایشی ئەو رێوشوێنە حكومیانەی كرد كە گیراوەتەبەر بۆ زامنكردنی سەرچاوەی جۆراوجۆر لە داهاتی نیشتمانی و هەوڵدان بۆ سنورداركردنی سروشتی پاوانخوازی لە سیستەمی ئابووری و دارای، لەو نێوەندەشدا كۆبوونەوە بە ستایشی زۆرەوە لەو رێوشوێنە حكومیانەی روانی كە گیراونەتەبەر بۆ كۆنترۆڵكردنی خاڵە سنورییەكان و گرتنەبەری رێوشوێنی كارا كە ببێتە هۆی ریشەكێشكردنی گەندەڵی و گەندەڵكاران و پارێزگاریكردن لە دارایی گشتی و ئابووری نیشتمانی و جەختكردنەوە لە سەروەری دەوڵەت و هێزی یاسا.

تەوەرێکی دیکەی كۆبوونەوە تەرخانكرا بۆ تاوتوێكردنی دۆخی ئەمنی كە بەگرنگی تایبەتەوە لەو رێوشوێنە ئەمنی و هەواڵگری و سەربازییانەی ئێستای روانی لە پێناو بەردەوامیدان بە جەنگی دژ بە تیرۆر و قەڵاچۆكردنی پاشماوە و رەگ و ریشە و شانە نوستوەکانی تیرۆریستان.

لە درێژەی كۆبوونەوەكەدا دوای بابەتی ئەمنی، سەرۆك وەزیر مستەفا كازمی بەرنامەی كاری دوو سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی بۆ شانشینی عەرەبستانی سعودی و كۆماری ئیسلامی ئێران خستەروو، هەروەك جەختكرایەوە لەگرنگی پەیوەندییەكانی عێراق و وڵاتانی دراوسێ‌ و سوربوون لەسەر پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە كە ببێتە مایەیی هاریكاری بونیادنەر لەبوارە جیاجیاكان، ھاوکات زامنی بەرژەوەندییەكانی گەلان بكات لە ناوچەكە و ببێتە مایەی رەخساندنی كەشێكی هەرێمایەتی جێگیر و لەباری نیازپاكی لێكتێگەیشتن برەخسێنێت و رەچاوی سەروەری نیشتمانی و پەرەپێدای لێكتێگەیشتن بكات لە پێناو ئاسایش و ئاشتی و گەشەپێدانی ناوچەكە.

كۆبوونەوە ئاماژەیكرد بۆ ئەوەی هاریكاری عێراق لەگەڵ وڵاتانی برا و دۆستەكانی یارمەتیدەر دەبێت لە دووبارە بونیادنانەوە و باشتركردنی ئابووری عێراق.

هەر لەو كۆبوونەوە سێ‌ قۆڵییەدا پێویستی كاری جددی و چڕكردنەوەی هەوڵەكان تاوتوێكرا لە پێناو رەخساندنی كەشێكی لەبار بۆ هەڵبژاردنی پێش وەخت و دیاریكردنی وادەیەك بۆ ئەنجامدانی لەبەر رۆشنایی ئەو بەڵین و پابەندیی و بەرپرسیارییانەی كە دراون لە بەردەم گەل و داواكارییەكانی و پەلەكردنیش لە تەواوكردنی چاكسازی یاسایی پێویست بۆ بەجێ‌ گەیاندنی هەڵبژاردنێكی ئازاد و دادپەروەر و پاك كە رەنگدانەوەی ویستی گەلی دیموكراسی بێت.

سەبارەت بە چوارچێوەی كاری پەرلەمانی و چاودێریش، كۆبوونەوە گفتوگۆیكرد لەبارەی بەرنامەی یاسادانانی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران، دووپاتیشكرایەوە كە سێ‌ سەرۆكایەتییەكە پشتیوانی تەواو دەكەن بۆ هەوڵەكانی لیژنەی بەدواداچون لە كەرتەكانی كارەبا و گەیشتن بە هۆكارەكانی كەموكوڕی ئەم كەرتە و سزادانی كەمتەرخەمانی ئەو بوارە.

بەشداربووانی کۆبوونەوەکە جەختیانكردەوە لەسەر پرۆژەی نیشتمانی بۆ پاڵپشتیكردنی دەوڵەتێكی خاوەن سەروەری تەواو تا بتوانێت پارێزگاری لە مافی هاوونیشتمانی و ئاسایشی نیشتمانی و سەروەرییەكەی بكات، هەروەها گفتوگۆشكرا لەبارەی ئەو رێوشوێنە جیاجیایانەی كە لە ئاستی جیاواز گیراونەتە بەر بۆ پەرەپێدانی رۆڵی دەوڵەت و چەسپاندنی سەروەری دەوڵەت.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا تەئكیدكرایەوە لەپێویستی بەردەوامی كار و رێوشوێنەكان و بەهێزكردنی هاوبەشی نیشتمانی و هێنانەكایەوەی هاوسەنگی نیشتمانی بەگوێرەی دەستوور و چەسپاندنی بناغەی دەوڵەتی ھاووڵاتی و حوكمی یاسا.

لە كۆتای كۆبوونەوەكەدا باس لە پەیوەندی نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان كرا و جەختكرایەوە لە پێویستی كاركردن لە پێناو رێوشوێنی كرداری كە ببێتە هۆی یەكلاكردنەوەی دۆسیە هەڵپەسێردراوەكان، كە زامنی مافی هاووڵاتی بكات بەبێ‌ جیاكاری و بەگوێرەی دەستوور و لێكتێگەیشتنی نیشتمانی بەپرسانەش پتەو بكات.‎


Presedent

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڵبژاردە

رۆژمێری چالاکیەکان