سەرۆك كۆمار پێشوازیکرد لە عەمار حەكیم

2020/07/25


سەرۆك كۆمار د. بەرهەم ساڵح، ئەمڕۆ شەممە ٢٠٢٠/٧/٢٥ لە بەغدا پێشوازیكرد لە سەید عەمار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە.

لە دیدارەکەدا دواین گۆڕانكارییە سیاسی و ئەمنییەكانی وڵات تاوتوێکرا و جەختكرایەوە لەپێویستی پشتیوانیكردنی حكومەت بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەکەی، بەتایبەت ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختی پاك و بێگەرد و جێبەجێکردنی داواكاری گەلی عێراق لە بەدیهێنانی چاكسازییە پێویستەکان. 

ھەر لە دیدارەکەدا سەرۆك كۆمار پیرۆزبایی لە عەمار حەكیم كرد بەبۆنەی یادی سێ‌ ساڵەی دامەزراندنی تەیاری حیكمەی وەتەنی و هیوای خواست سەركردایەتی و كادرەکانی رەوتی حیکمە سەركەوتوو بن بۆ خزمەتكردنی رۆڵەكانی گەلەكەمان.

لە بەشێكی دیکەی دیدارەكەدا گفتوگۆكرا دەربارەی چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی پەتای كۆرۆنا و سنورداركردنی دەرهاویشتە تەندروستی و ئابوورییەكانی و پێویستی پشتیوانی تیمە پزیشكی و کادرەکانی تەندروستی، بەجۆرێک ببێتە مایەیی پاراستنی سەلامەتی تەندروستی هاووڵاتیان.

لە کۆتایی دیدارەکەدا جەختكرایەوە لەگرنگی یەكخستنی هەوڵەکان و هەماهەنگییە هاوبەشەكانی نێوان هێزە نیشتمانییەكان بۆ چەسپاندنی پاراستنی سەروەری و پتەوكردنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق و دورخستنەوەی عێراق لە هەر جۆرە گرژی و ناكۆكییەكی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.
Presedent

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڵبژاردە

رۆژمێری چالاکیەکان