سەرۆک کۆمار بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆران، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی رێکخەر و ئەندام و هەڵسوڕاوانى بزوتنەوەی گۆران کرد

2020/07/25


سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح ئەمرۆ شەممە ٢٠٢٠/٧/٢٥ بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆران، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی عومەری سەید عەلی رێکخەری بزوتنەوەی گۆڕان و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و جڤاتی نیشتمانی و ئەندامان و هەڵسوڕاوانى بزوتنەوەی گۆڕان کرد. 

دەقی پەیامەکەی سەرۆک کۆمار: 

بەڕێز / رێکخەری بزوتنەوەی گۆڕان کاک (عومەری سەید عەلی)

بەڕێزان / ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و جڤاتی نیشتمانی و ئەندامان و هەڵسوڕاوانى بزوتنەوەی گۆڕان.

بەبۆنەی دامەزراندنی یازدە ساڵەی بزوتنەوەی گۆڕان، پیرۆزبایتان ئاڕاستە دەکەم و ھیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم. 

دامەزراندنی گۆڕان وەک یەکەمین ھێزی ئۆپۆزسێۆنى دیار و کاریگەر لە ناو فەزای سیاسی کوردیدا رووداوێکی گرنگ بوو، ئێستاش وەک یەکێک لە لایەنە سەرەکییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کاریگەری بەسەر پرۆسەی حکومڕانی و سیاسییەوە ھەیە.

ئێستاش لەم دۆخە دژوارەی هەرێمی کوردستان و عێراق، بێگومان بزوتنەوەی گۆڕان کاریگەر دەبێت بۆ چەسپاندنی یه‌كڕیزی و هاوکاری لایه‌نەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و جێبەجێکردنی چاکسازی و خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵک.

لەم بۆنەدا یاد و یادەوەری کاک نەوشیروان بەرز ڕادەگرین، و‌ دووبارە پیرۆزباییتان لێده‌كه‌م و هیوای سه‌ركه‌وتنتان بۆ ده‌خوازم. 

بەرهەم ساڵح
سەرۆک کۆماری عێراق

Presedent