سەرۆک کۆمار لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی پیرۆزباییان لە یەکتر کرد بەبۆنەی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە

2020/07/31


سەرۆک کۆمار د. بەرهەم ساڵح، ئەمڕۆ هەینی ٢٠٢٠/٧/٣١ لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی پیرۆزباییان لە یەکتر کرد بەبۆنەی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە.

لە میانی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنیانەدا سەرۆک کۆمار لەگەڵ هەریەک لە شا عەبدوڵای دووەم پادشای ئوردن و عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی کۆماری میسر و شێخ تەمیم کوڕی حەمەد ئالسانی میری دەوڵەتی قەتەر و حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران و رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆکی کۆماری تورکیا و هەیسەم کوڕی تارق ئالسەعید سوڵتانی عومان و مەحمود عەباس سەرۆکی فەلەستین و شا حەمەد کوڕی عیسا ئال خەلیفە پادشای شانشینی بەحرەین و شێخ نەواف ئەحمەد جابر سەباح شازادەی جێنشینی دەوڵەتی کوەیت گەرمترین پیرۆزبایی لێکردن و هیوای تەندروستی و کامەرانی بۆ خواستن، ھاوکات داوای لە پەروەردگار کرد ئەم بۆنە پیرۆزە بە خێر و خۆشی بۆ وڵاتان و گەلانی برا و دۆست بگێڕێت. 

لەلای خۆیانەوە خاوەن شکۆ و فەخامەت و سەرکردەی وڵاتان، پیرۆزبایی خۆیان ئاڕاستەی سەرۆک کۆمار کرد بەبۆنەی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە، داواشیان لە یەزدانی مەزن کرد ئارامی و ئاسایش و خۆشگوزەرانی بەسەر گەلی عێراق ببارێنیت.

هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیانەدا باس لە چۆنیەتی بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و وڵاتانی برا و دۆست و گرنگی پتەوکردنی ئاسایشی ناوچەکە و پێویستی هەماهەنگی و کاری هاوبەش گفتوگۆی لەبارەوە کرا، بەجۆرێک خزمەت بە پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی گەلان بکات.

ھاوکات جەختکرایەوە لەپێویستی رێزگرتن لە سەروەری و سەقامگیری وڵاتان بەو پێیەیی بەرژەوەندی هاوبەشە بۆ هەمووان، ھەروەھا دەبێتە مایەی چەسپاندنی ئارامی لە ناوچەکەدا، هەروەک گفتوگۆشکرا لە بارەی هاریکارییەکان بۆ بەرەنگاربوونەی ڤایرەسی کۆرۆنا و سنوردارکردنی کاریگەرییەکانی ئەو پەتایە تاوەکو زامنی ئەوە بکات ژیان بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی لە وڵاتان.

Presedent