پرسه‌نامه‌ی سه‌رۆک کۆماری عێراق به‌بۆنه‌ی کۆچی دوایی ئه‌حمه‌د بامه‌ڕنی راوێژکاری دیبلۆماسی سه‌رۆکایه‌تی کۆماری عێراق

2020/08/21


 زۆر بەداخم بۆ کۆچی دوایی هاوڕێی ژیانم، سیاستمه‌دار و دیبلۆماتکاری لێوه‌شاوه، کادیر و پێشمەرگەی دێرین و راوێژکاری دیبلۆماسی سه‌رۆکایه‌تی کۆماری عێراق ‌ کاک ئه‌حمه‌د بامه‌ڕنی.

ھەڤاڵ ئەحمەد بامەڕنی دیبلۆمات و پێشمەرگە و نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووه‌، لە چەند وڵاتێکی ئەوروپی و پاشان وه‌ک باڵیۆزی عێراق لە سوید و ئیتاڵیا ده‌ست به‌کاربووه‌، له‌کۆنگرە و کۆبوونەوەکانی سۆشیال- ئینتەرناسیۆنال و چەندین کۆربەندی تایبەت بە مەسەلەی کورد نوێنەرایەتی کوردی کردووە، بۆیە کۆچی دوایی ئەو تێکۆشه‌ره‌ زیانێکی گه‌وره‌یه‌ و به‌م کۆسته‌ کادیر و تێکۆشه‌ر و پێشمه‌رگه‌یه‌کی دێرین به‌جێیهێشتین، سه‌باره‌ت به‌ به‌نده‌ش هاوڕێیه‌کی هه‌ره‌ نزیک و دێرین، جێگه‌ی متمانه ‌و راوێژکارێکی زیره‌ک و شایسته‌م له‌ده‌ست چوو.

کاک ئه‌حمه‌د بامه‌ڕنی سیاستمه‌دارێکی ژیر، دیبلۆماتکارێکی لێوه‌شاوه‌، خه‌باتکارێکی خۆڕاگر و هاوڕێ و دۆستێکی راستگۆ بوو، له‌ وێستگه‌کانی کارکردن و خه‌بات، جگه‌ له‌ دڵسۆزی و تێکۆشان و رێز و هاوڕێیه‌تی شتێکی ترمان لێ نه‌دیت، ماڵی کاک ئه‌حمه‌د له‌هه‌نده‌ران مه‌کۆی تێکۆشه‌ران بوو، به‌کرده‌وه‌ لەرۆژە هەرە سەختەکان باڵیۆزی کوردایه‌تی بوو.

دوای کۆتایهاتنی کاره‌که‌شی وه‌کو باڵیۆزی عێراق له‌ ئیتاڵیا، له‌سه‌رۆکایه‌تی کۆمار وه‌کو راوێژکاری دیبلۆماسی ده‌ست به‌کاربوو، له‌م ئه‌رکه‌شدا کاک ئه‌حمه‌د به‌سه‌رکه‌وتووی کاره‌کانی راپه‌ڕاند و جێگه‌ی متمانه‌ی من و هه‌موو لایه‌ک بوو.

 کاک ئه‌حمه‌د بامه‌ڕنی به‌جه‌سته‌ لێمان جیابوه‌وه‌ به‌ڵام یاد و یاده‌وه‌ری بۆ هه‌موومان، به‌تایبه‌تیش بۆ من هه‌میشه‌ به‌ زیندووی ده‌مێننه‌وه‌، بۆیه‌ له‌م کۆسته‌ ناخۆشه‌دا پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی خۆم بەخوشکی ئازیزم نازه‌نین خان و منداڵه‌کان، بنه‌ماڵه ‌و که‌سوکار و هاوڕێکانی رائه‌گه‌یه‌نم و داوا له‌خوای گه‌وره‌ ئه‌که‌م جێگه‌ی به‌ هه‌شت بێت. 

إنا لله وإنا إليه راجعون

 د.به‌رهه‌م ساڵح
سه‌رۆک کۆماری عێراق

Presedent