لە میانی خوانێکدا لەسەر شەرەفی سەرۆکی فەرەنسا... سەرۆک کۆمار: پشتیوانی بۆ سەروەری عيراق و رێگری لە دەستدرێژی بۆ سەر خاکەکەی

2020/09/02

سەرۆک کۆمار د. بەرهەم سالح، ئەمڕۆ چوار شەممە ٢٠٢٠/٩/٢ لە کۆشکی بەغداد خوانێکی لەسەر شەرەفی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا و شاندی یاوەی سازکرد.

لە میانی ئەو خوانەدا، کە مستەفا کازمی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و محەممەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و دادوەر فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و مەدحەت مەحمود سەرۆکی دادگای فیدراڵی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و لێپرسراوانی باڵای ھەردوو وڵات و سەرۆکی هۆزە عێراقییەکان ئامادەی بوون، سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە کە بۆنەیەکی گرنگە بە خۆشی میوانی ئازیزمان ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا کۆدەبینەوە و دووپاتیش دەکەینەوە لە گرنگی ئەو پەیوەندییە مێژوییەی کە بە فەرەنساوە دەمانبەستێتەوە، ھاوکات بە گرنگییەوە دەڕوانینە پتەوکردنی پەیوەندی نێوان عێراق و فەرەنسا. 

سەرۆک کۆمار ئاماژەیکرد بۆ ئەوەی کە ئەم سەردانەی سەرۆکی فەرەنسا بۆ عێراق پەیامێکی گرنگە و بەبایەخێکی زۆرەوە دەینرخێنین و ئومێدەواریشین کە دەرەنجامێکی کرداری لێ بکەوێتەوە کە ببێتە مایەی خێر و بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی هەردوو گەلی دۆست، سەرۆک کۆمار ئەوەشی راگەیاند ئەوەی گرنگە کە عێراق ببێتە وڵاتێک کە بەرژەوەندی هاوبەشی وڵاتانی ناوچەکە بە یەک بگەیەنێت، نەوەک ببێتە گۆڕەپانێک بۆ ململانێی لایەنەکانی دیکە، ھەروەھا راشیگەیاند گەلی عێراق سوورن لەسەر ئەوەی وڵاتەکەیان بگەیەنن بە کەناری ئارامی و سەقامگیری.

ھاوکات سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە کە تێڕوانینمان بۆ بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکان لە روانگەی پارێزگاریکردن لە سەروەری و سەقامگیری وڵاتەکەمان و رەتکردنەوەی سیاسەتی جەمسەرگیری دەبێت، هەروەها کاری هاوبەش لەگەڵ هەمووان دەبێت لە پێناو چەسپاندنی ئاشتی و پێشکەوتن و پەرەپێدانی گەلان. 

سەرۆک کۆماری ئەوەشی گوت "ئێمە خۆشحاڵین بەوەی کە لە سەرۆک ماکرۆنەوە گوێمان لێبوو لە بارەی ئامادەیی فەرەنسا بۆ پێدانی مافەکان و پشتیوانیکردنی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەکان، بە تایبەت کە پاریس بەردەوام هاوبەشێکی ئابووری کارا بووە بۆ عێراق لە بوارە جیاجیاکاندا، ھەروەھا هاوکاری و هەماهەنگی لە بونیادنانەوەی ناوچە ئازادکراوەکان.

لەلای خۆیەوە سەرۆک ماکرۆن سوپاسی سەرۆک بەرھەمی کرد بۆ ئەو میوانداری و پێشوازییە گەرمە و جەختیکردەوە لەسەر پابەندبوونی فەرەنسا بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی دۆستانە و هەماهەنگی لەگەڵ عێراق بە شێوەیەکی ئەرێنی کە خزمەت بە بەرژەوەندی باڵای هەردوو وڵاتی دۆست بکات، و زامنی مافەکانی هەردوو گەل بکات لە بەدەست هێنانی ژیانێکی خۆشگوزەران و ئارامدا.


Presedent

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڵبژاردە

رۆژمێری چالاکیەکان