سەرۆک کۆمار پێشوازیکرد لە سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری

2020/09/22

سەرۆک کۆمار د. بەرهەم ساڵح، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٠/٩/٢٢ لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە دادوەر فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری.

لە دیدارەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی رۆڵی سەربەخۆیی دادگاکانی عێراق، بۆ چەسپاندنی دادپەروەری و جێبەجێکردنی یاسا و یەکلاکردنەوەی دوسێکانی گەندەڵی و سزادانی ئەو کەسانەی دەستیان بردووە بۆ موڵکی گشتی و لێپێچینەوە لە ھەموو ئەو کەسانەی تاوانی جۆراو جۆریان ئەنجامداوە.

هەر لە دیدارەکەدا جەختکرایەوە لەگرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو و پێویستی فەراهەمکردنی تەواوی پێداویستی یاسایی و لۆجستییەکان لەسەر بنەمای پاکی و بێگەردی و رێگریکردن لە ساختەکاری و فرتوفێڵ، بەجۆرێک ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو نوێنەرایەتی راستەقینەی خەڵک بکات، دوور لە گوشار و کاریگەری لەسەر گۆڕینی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان. 

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لەسەر پێویستی هاریکاری نێوان سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە ئامادەکردنی یاسا و رێساکان، تاوەکو ببێتە مایەی جێبەجێکردنی دادپەروەری و ھێنانەدی مافەکان و بەهێزکردنی سەروەری دەوڵەت لە سەپاندنی یاسا و دەستەبەرکردنی ئاسایش و ئارامی بۆ هاووڵاتیان.


Presedent

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڵبژاردە

رۆژمێری چالاکیەکان