سه‌رۆک کۆمار پێشوازیکرد لە وەزیری دەرەوەی یۆنان

2020/10/14

سەرۆک کۆمار د بەرهەم ساڵح، ئەمڕۆ چوار شەممە ٢٠٢٠/١٠/١٤ لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە نیکۆس دیندیاس وەزیری دەرەوەی یۆنان.

لەو دیدارەدا سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە هەوڵەکانی عێراق بۆ پتەوکردنی پەیوەندی دوو قۆڵی لەگەڵ یۆنان لە سەرجەم بوارەکاندا، ھاوکات ئاماژەیکرد بۆ مێژووی قوڵی شارستانییەتی عێراق و یۆنان، ھەروەھا باسی لە گرنگی هەماهەنگی کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییە جیاوازەکان کە رووبەروی ناوچەکە و جیهان دەبنەوە لە پێشیانەوە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پتەوکردنی هاریکاری دیبلۆماسی و ئابووری و رۆشنبیری.

سەرۆک بەرهەم باسی له‌ رۆڵی یۆنان کرد لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانی ناتۆ لە جەنگی دژ بە تیرۆر و هاریکاری عێراق له‌و جه‌نگه‌دا، ئاماژەشیکرد بۆ ئەوەی تا ئێستا تیرۆر هەڕەشە لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی دەکات بۆیە پێویستە هاوکاری و هاریکاری زیاتر هەبێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و رێگرتن لە هەر دەرفەتێک بۆ سەرهەڵدانەوەی و تێکدانی ئاشتی و ئاسایشی وڵاتان. 

سەرۆک بەرھەم جەختیکردەوە لەوەی عێراق گرنگی ئەدات بە پارێزگاریکردن لە سەروەری و ئاسایش و سەقامگیری ناوخۆیی، راشیگەیاند عێراق رەتی دەکاتەوە ببێتە گۆڕەپانێک بۆ یەکلایکردنەوەی کێشەکان.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار دووپاتیکردەوە لەگرنگی کرانەوەی ئابووری نێوان هەردوو وڵات و پتەوکردنی، ھاوکات ئاماژەیکرد بەوەی قەیرانی سیاسی و ئابووری و بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆنا وا پێویست دەکات لەسەر کۆمەڵی نێودەوڵەتی هەوڵی زیاتر بدەن بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە هاوکات بایەخەوە باسی لەو پیشوازیکردنەش کرد کە یۆنان لە پەنابەرانی عێراقی دەکات.

لەلای خۆیەوە وەزیر نیکۆس دیندیاس سوپاسی سەرۆک کۆماری کرد و بە بایەخەوە پێشنیازی بەرێزیانی بەرز نرخاند و جەختیشیکردەوە لە پابەندبوونی وڵاتەکەی بۆ پشتیوانیکردنی عێراق لە تەواوی بوارە جیاوازەکان و پتەوکردنی هاریکاری دوو قۆڵی کە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەهێز دەکات.


Presedent

هەواڵی پەیوەندیدار

هەڵبژاردە

رۆژمێری چالاکیەکان