سەرۆك كۆمار پێشوازی دەكات لە سەرۆك وەزیرانی میسر و جەخت دەكاتەوە لە پێویستی پتەوكردنی هاریكارییەكانی نێوان هەردوو وڵات و یەكخستنی هەڵوێستەكان بۆ كەمكردنەوەی گرژییەکان و چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەكەدا
سەرۆك كۆمار د. بەرهەم ساڵح، ئەمرۆ شەممە ٢٠٢٠/١٠/٣١ لە كۆشكی بەغداد پێشوازیكرد لە مستەفا مەدبولی سەرۆك وەزیرانی میسر.
لەسەرەتای دیداركەدا سەرۆك كۆمار سڵاو و رێزی خۆی لەرێگەی سەرۆك وەزیرانەوە گەیاند بە عەبدول فەتاح سیسی سەرۆكی میسر و جەختیكردەوە لە پێویستی پەرەپێدانی هاریكارییە دوو قۆڵییەكان لە نێوان هەردوو وڵات و پتەوكردنی كاری لیژنەی باڵای هاوبەشی عێراق و میسر و كاركردن بۆ فراوانکردنی ھەماھەنگی و ھاریکاری ھاوبەش لە رێگەی ئەو لێکگەیشتنانەی كە لەنێوان هەردوو وڵات رێکكەوتنی لەبارەوەکراوە.
لە دیدارەکەدا جەختیشكرایەوە لەسەر بەھێزکردنی پەیوەندی مێژوویی نێوان هەردوو گەلی عێراق و میسر، پەرەپێدانی پەیوەندییە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو وڵات کرا لە سەرجەم بوارەكانی ئابووری و سیاسی و ئەمنی و یەكخستنی هەڵوێستەكان لە پێناو چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەكەدا.
هەر لەو دیدارەدا دواین گۆڕانكاری و پەرەسەندنەكانی جیهانی عەرەبی و ناوچەکە تاوتوێکران سهرهڕای هەوڵەكانی میسر و عێراق بۆ پەرەپێدانی ئاسۆی هاریكاریی سێ لایەنە لەگەڵ ئوردن، جەختیشكرایەوە لەگرنگی بەردەوامیدان بە هەوڵەكانی بەگژاچونەوەی تیرۆر و توندڕەوی و كەمكردنەوەی گرژییەكان بهگشتی.
لەلای خۆیەوە سەرۆك وەزیرانی میسر سڵاو و رێزی سەرۆك عەبدول فەتاح سیسی گەیاند بە سەرۆك بەرھەم و جەختیكردەوە لەسەر سوربوونی وڵاتەكەی بۆ فراوانكردنی ئاسۆی هاریكاریی بونیادنەر لەگەڵ عێراق لە تەواوی بوارەكاندا كە ویست و داواكاری هەردوو گەلی برا لە پێشكەوتن و ئارامی و خۆشگوزەرانی بێنێتە دی.
Presedent