سەرۆك كۆمار: پێویستە هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بەردەوام بێت بۆ ریشەكێشكردنی تیرۆر و كەمكردنەوەی گرژییەكان لە ناوچەكەدا

2020/11/19

سەرۆك كۆمار د. بەرهەم ساڵح، ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٠٢٠/١١/١٩ لە كۆشكی سەلام لە بەغدا پێشوازیكرد لە سێر جۆن لوریمەر راوێژكار لە وەزارەتی بەرگری بەریتانیا و ستیفن هەیكی باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق.

لەو دیدارەدا بەگرنگییەوە باس لە پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات و پێویستی كاركردن بۆ پتەوكردنی ئەو پەیوەندییانە كرا، هەروەها گفتوگۆ لەبارەی هاریكاری لە بوارەکانی سەربازی و ئەمنی و راهێنان و ئامادەكردن و پڕچەككردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق کرا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.

لەو چوارچێوەیەدا سەرۆك كۆمار رایگەیاند جەنگی دژ بە تیرۆر تاوەکو ئێستا بەردەوامە، بۆیە جەختدەکەینەوە لە پێویستی ھەماھەنگی نێودەوڵەتی بۆ درێژەدان بە جەنگ دژ بە رێکخراوە تیرۆریستییەكان، چونکە تیرۆر مەترسییەکی گەورەیە و سنورەكان دەبەزێنێت و هەڕەشە لە هەمووان دەكات. 

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆك بەرھەم ئاماژەی كرد بۆ ئەوەی هێزە ئەمنییەكانی عێراق بە سەرجەم پێكهاتەکانی توانیان هەرەس بە داعش بێنن، بەڵام تاوەکو ئێستا داعش ناو بەناو لە مەرامی ئەوەدان لە چەندین ناوچە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و ئارامی هاووڵاتیان دروست بكەن، ھاوکات راشیگەیاند دەزگا ئەمنییەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوامن لە راوەدوونانی پاشماوەکانی تیرۆریستان تا رێگری بکەن لە ئەنجامدانی مەرامە گڵاوەکانیان. 

ھەر لەمیانی دیدارەکەدا سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە لەگرنگی كەمكردنەوەی ئاستی گرژییەكان لە ناوچەكە و رێگری لە رێکخراوە تیرۆریستیە توندرەوەكان كە بۆشایی و قەیرانەكان بقۆزنەوە بۆ هەڕەشەكردن لەسەر ئاسایش و ئاشتی كۆمەڵایەتی، دووپاتیشیكردەوە لەسەر پێویستی كاركردن لەسەر ھێنانەکایەوەی دەرفەتی پەرەپێدان و خۆشگوزەرانی بۆ گەلان لە رێگەی هەماهەنگی و كاری هاوبەش تاوەکو عێراق ببێتە جەمسەرێك بۆ پتەوكردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچە و رێزگرتن لە سەروەری خاکی عێراق و رێگریکردن لەوەی عێراق ببێتە گۆرەپانێک بۆ یەکلایکردنەوەی کێشەکان.

لەلای خۆیەوە راوێژكار جۆن لوریمەر جەختیكردەوە لەسەر پێشنیازەكانی سەرۆك كۆمار و گرنگی ھەماھەنگی بۆ ریشەكێشكردنی تیرۆر، هاوكات پابەندبوونی وڵاتەكەشی بۆ پشتیوانی هێزە ئەمنییەكانی عێراق دووپاتكردەوە لە رووی راهێنان و پڕچەككردن بۆ لە ناوبردنی تیرۆر و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق دا.

Presedent

هەڵبژاردە