سەرۆک کۆمار جەختدەکاتەوە لە گرنگی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی داھاتوو دوور لە ساختەکاری و فرتوفێڵ

2020/11/29


سەرۆک کۆمار د.بەرهەم ساڵح، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢٠/١١/٢٩ لە کۆشکی سەلام لە بەغدا لە دوو دیداری جیادا پێشوازیکرد لە هەریەک لە محەمەد شیاع سودانی و خالید مفرجی پەرلەمانتارانی عێراق.

لەو دوو دیدارە جیاوازەدا پشهاتەکانی دۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابووری وڵات و گرنگی رۆڵی دامەزراوەی یاسادانان لە دەرکردنی یاسا پێویستەکانی پەیوەند بە دۆخی گشتی وڵات گفتوگۆی لەبارەوە کرا.

هەروەک جەختیشکرایەوە لە گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو و پێویستی رەخساندنی دۆخێکی لەبار و چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی و دابینکردنی تەواوی پێداویستییەکانی سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان و زامنکردنی پاک و بێگەردی و رێگریکردن لە ساختەکاری و فرتوفێڵ.

هەر لە میانی ئەو دوو دیدارەدا گفتوگۆکرا سەبارەت بە دۆخی ئابووری وڵات و گرنگی کارکردن بۆ زامنکردنی ئابووری نیشتیمانی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهاتی نیشتمانی لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی دارایی کە لە ئێستادا وڵات روبەڕووی دەبێتەوە لە دەرەنجامی لێکەوتەکانی پەتای کۆرۆنا و دابەزینی نرخی جیهانی نەوت، ھاوکات جەختیشکرایەوە لە پێویستی پشتیوانیکردنی کەرتی تایبەت و بەهێزکردنی وەبەرهێنان لە وڵات و رەخساندنی دەرفەتی کار.

Presedent

هەڵبژاردە