لە رۆژی جیھانی خاوەن پێداویستی تایبەت.. سەرۆك كۆمار جەختدەكاتەوە لە پێویستی فەراهەمكردنی یاسای پێویست بۆ زامنكردنی مافەكانی خاوەن پێداویستی تایبەت

2020/12/03

سەرۆك كۆمار د. بەرهەم ساڵح، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢٠/١٢/٣ لە كۆشكی سەلام لە بەغدا، لە رۆژی جیھانی خاوەن پێداویستی تایبەت پێشوازیكرد لە ژمارەیەك خاوەن پێداویستی تایبەت و بەوردی گوێی گرت لەو كێشە و ئاستەنگانەی کە دێتە بەردەمیان، ھەروەھا بەگرنگییەوە باس لە رێوشوێنی پێویست کرا، سەبارەت بە پشتیوانی و باشتركردنی دۆخی خاوەن پێداویستی تایبەت.

لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختیكردەوە لە پێویستی خستنەگەڕی ھەموو هەوڵێك لە پێناو پشتیوانیكردنی خاوەن پێداویستی تایبەت لە سەرانسەری وڵات و فەراهەمكردنی یاسای پێویست بۆ زامنكردنی مافەكانیان و قەربوكردنەوە و گەڕانەوەیان دووبارە بۆ نێو كۆمەڵگە و رەخساندنی دەرفەتی پێویست تاوەکو لە دامەزراوەکانی دەوڵەت كار بكەن، ھاوکات ئاماژەیكرد بۆ ئەوەی گرنگە تەواوی دامەزراوەكانی دەوڵەت پابەندن بن بە رێوشوێنی پێویست و تایبەت بە دابینکردنی پێداویستی و مافەكانیان بەپێی پێوەرە كارپێكراوە نێودەوڵەتییەكان.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆك بەرھەم رایگەیاند وڵات بەهۆی جەنگ و توندوتیژیی و تیرۆر و ناكۆكییە چەكدارییەكان بە درێژایی چەندین ساڵ و دەیەی رابردوو بووە ھۆی ئەوەی ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان بە شێوەی جیاجیا کەمئەندام بن و بەداخەوە بەشێکی جەستەیان لەدەست بدەن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی تا ئێستاش بەھۆی پاشماوەكانی جەنگ و مین و جۆرەكانی دیکەی تەقەمەنی خەڵکی بێتاوان بەشێکی جەستەیان لە دەستدەدەن، جەختیشیكردەوە لە پێویستی دابینكردنی ناوەندی راهێنانی پێویست و قەرەبووكردنەوەیان بەشێوەیەكی باش كە زامنی ماف و شكۆمەندی تەواوی خاوەن پێداویستی تایبەت بكات.

ھەر لە دیدارەکەدا سەرۆك کۆمار بە گرنگییەوە گوێی گرت بۆ ئەندامانی شاندی خاوەن پێداویستی تایبەت و  داواكارییە رەواکانیان و ئەو ئاستەنگ و كێشانەی كە رووبەروویان دەبێتەوە، سەرۆک بەرھەم جەختیكردەوە لە پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان  بۆ توێژی خاوەن پێداویستی تایبەت لە رووی یاسایی و ئیدارییەوە و راشیگەیاند لە ئازارەكانیان تێدەگات، بۆیە پشتیوانی تەواوی خۆی بە ھەموو جۆرێک دووپاتکردەوە.

Presedent

هەڵبژاردە